شاندی ئیمراڵی و ئاکپارتی لە بارەی پڕۆسەی ئاشتی کۆبوونەوە

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەى شاندى ئیمراڵى و شاندى ئاکپارتى
وێنە: ئەرشیف
کۆبوونەوەى شاندى ئیمراڵى و شاندى ئاکپارتى وێنە: ئەرشیف

دوور لە چاوی کامێراکان، شاندی ئیمراڵی و ئاکپارتی بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی و یاسای تایبەت بە پڕۆسەکە کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکان لەبارەى پڕۆسەى ئاشتى

بە گوێرەی میدیای نزیک لە پارتی دەم، شەوی چوارشەممە، شاندی ئیمراڵی و شاندی ئاکپارتی کۆبوونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لایەک ڕاگەیێنراویان لەبارەی شوێن و کات و تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەوە بڵاونەکردووەتەوە.

شاندی ئیمراڵی پێکهاتبوو لە پەروین بوڵدان و متحەت سانجار و شاندی ئاکپارتیش پێکهاتبوو لە عەبدوڵا گویلەر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا و ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی.

پڕۆسەى ئاشتى گەیشتوەتە کوێ؟

کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لە بارەی پڕۆسەی ئاشتی، کە لە کۆتایی تشرینی یەکەمی 2024ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.

تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بووە دەربارەی ئەو پڕۆژەیاسایەی ئاکپارتی لە بارەی پڕۆسەکەو گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکە ئامادەی کردووە.

پێشتر میدیای تورکیا ئاماژەی بەوە کردبوو، لە کۆبوونەوەکەدا دەقی پڕۆژەیاساکە بە شاندی ئیمراڵی دەدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو زانیارییە نە پشتڕاست کراوەتەوە و نە ڕەتیشکراوەتەوە.

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا