
لە بەيانیی ئەمڕۆوە خۆپيشاندانی بەرفراوان لە چەندين شاری ئۆکرانيا لە دژی دەستلەکارکێشانەوەی میخایلۆ فیدۆرۆڤ، وەزيری بەرگری دەستیپێکردووە، داوا دەکەن وەزیری بەرگریی وڵاتەکەیان لە پۆستەکەی بمێنێتەوە و بڕیاری لادانی پوچەڵ بکرێتەوە.
بەمهۆیەوە هەزاران کەس لە ناوەندی شارەکانی کيێڤ، ڤيڤ، ئۆدێسا و دنيپرۆ لە ئۆکرانيا گردبوونەوە و ئاڵای ئەو وڵاتە و يەکێتیی ئەورووپايان هەڵکردبوو، دروشمی شەرمەزارييە و گەڕاندنەوەی فيردۆرۆڤيان دەوتەوە.
فیدۆرۆڤ، تەنيا شەش مانگە لە پۆستەکەيدايە، وەک کەسێکی مۆدێرن ناوبانگی دەرکردووە، هەوڵيدەدا چاکسازی لە سوپای ئۆکرانيادا بکات، کە بەهۆی ئەو کەموکورتييانەی لە ڕيزەکانيدا هەبوو، خراپ دەردەکەوت بەرامبەر لەشکرکێشیی چوار ساڵەی ڕووسيا.
دوورخستنەوەی وەزيری بەرگری مەترسی ئەوەی هەيە ناکۆکی بخاتە ناو سوپاوە لە کاتێکدا لە چەند مانگی ڕابردوودا ئاستێکی باشی نيشانداوە لە بەرەکانی جەنگدا، لەژێر سەرکردایەتیی فیدۆرۆڤ، سوپای ئۆکرانیا ڕێگری لە پێشڕەوييەکانی ڕووسيا کردووە و بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دوور مەودا دامەزراوە نەوتی و شوێنە سەربازييەکانی مۆسکۆی کردووەتە ئامانج.
درەنگانی ڕۆژی چوارشەممە فیدۆرۆڤ دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند و گوتی "خزمەتکردنی گەلی ئۆکرانیا شانازییەکی گەورەیە".
ئەم پێشهاتانە هاوکاتن لەگەڵ گۆڕانکارييە بەرفراوانە سياسييەکەی ئۆکرانيا بە سەرۆکايەتیی ڤۆڵۆديمير زێلێنسکی.
هیچ هۆکارێکی فەرمی بۆ ئەو بڕیارە نەخراوەتەڕوو، خۆپیشاندەران وا لێکی دەدەنەوە کە بەهۆی ناکۆکیی وەزيری بەرگرييەوە بووە لەگەڵ ئۆلیکساند سیرسکی سوپاسالاری ئۆکرانيا.
هەروەها پاڤلۆ یلیزارۆڤ جێگری فەرماندەی هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر دوورخستنەوەی فیدۆرۆڤ دەستی لە کار کێشاوەتەوە.
ڕۆژی يەکشەممە ڤۆڵۆديمير زێلێنسکی کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە پۆستە حکومييەکانی وڵاتەکەيدا ڕاگەياند و گوتی "ئۆکرانيا ستراتيژی سياسیی خۆی دەگۆڕێت و لەگەڵ پەرلەمانی ئەو وڵاتە کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە حکومەتدا دەکەن".
هەر لەو چوارچێوەيەدا، سەرۆکی ئۆکرانيا پێشنيازی لەکارلادانی یولیا سڤیریدنکۆ، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی کۆمەڵێک دامودەزگای کرد.
گەندەڵی لە ئۆکرانیا یەکێکە لە کێشە سەرەکی و درێژخایەنەکان کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئابووری، سیاسەت و پێگەی نێودەوڵەتیی ئەم وڵاتە هەبووە، سەرەڕای ئەوەی حکومەت هەڵمەتی گەورەی بۆ بنبڕکردنی دەستپێکردووە، بەڵام هێشتا بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم چاکسازی و بەئەندامبوونی کیێڤ لە یەکێتیی ئەوروپادا.
دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤییەت، ئۆکرانیا کەوتە ژێر کۆنتڕۆڵی دەستەبژێرێکی سەرمایەدار کە بە "ئۆلیگارش" ناسراون، ئەم کەسانە توانییان کۆنتڕۆڵی کەرتە گرنگەکانی ئابووری بکەن و لە ڕێگەی دەستتێوەردانی سیاسییەوە سامانێکی زەبەلاح کۆبکەنەوە، ئەمەش بووەهۆی دروستبوونی سیستمێکی ڕەشوە وەرگرتن و بەکارهێنانی پۆست بۆ بەرژوەندیی تایبەتی.
.jpg)


