
لەسەر سنوورى نێوان سووریا و عێراق، بارێکى گەورەى چەک لە نێو تانکەرێکى سووتەمەنیدا دەستیبەسەردا گیرا، سەرچاوەیەکى ئەمنیى دیمەشق ئاشکرایکردووە، هەوڵدراوە بارە چەکەکە بگەیێنرێتە حیزبوڵاى لوبنان، بە فەرمانى عەلى زەیدیش لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە پێکهێنرا.
لە دەروازەى تەنەفى سووریا کە دەکەوێتە بەرامبەر دەروازەى وەلیدى عێراق، بارێکى گەورەى چەک لەلایەن کارمەندانى گومرگى سووریاوە دەستیبەسەردا گیرا.
دەستەى گومرگى سووریا ڕایگەیاند، کارمەندانى گومرگ لە دەروازەى تەنەف بارێکى گەورەى مووشەک و درۆنیان لەناو یەکێک لەو تانکەرانەدا دۆزیوەتەوە کە سووتەمەنى لە عێراقەوە دەگوازنەوە بۆ بەندەرى بانیاس لە سووریا.
ئاماژەى بەوەشکردووە، دەستبەسەرداگرتنى بارە چەکەکە، لە کاتى پشکنینى ئاسایی ئەو تۆتۆمبێل و بارهەڵگرانەدا بووە کە بە سنوورەکەدا تێدەپەڕن، بەڵام دواى گومانکردن لە یەکێک لە تانکەرەکان، پشکنینى وردى بۆ کراوە و توانراوە بارێکى گەورەى چەک بدۆزرێتەوە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى دەستەى گومرگى سووریا، بارە چەکەکە پێکهاتووە لە مووشەک و درۆن، کە بەشێوەیەکى پیشەییانە لەناو تانکەرەدا شاردرابوویەوە تاوەکو لە ڕێکارە گومرگییەکان دەرباز بکرێت.
هاوكات ئاژانسى ساناى سووریا لە زارى سەرچاوەیەک لە وەزارەتى ناوخۆى وڵاتەکەیەوە ئاشکرایکردووە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە بارە چەکەکە بۆ حیزبوڵاى لوبنانى بووە و هەوڵدراوە لە عێراقەوە بە قاچاغ ببرێتە ناو خاکى سووریا و دواتر بگەیێنرێتە حیزبوڵا.

هاوکات شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق، ڕوونکردنەوەیەکى لەبارەى دەستبەسەرداگرتنى بارە چەکەکە بڵاوکردەوە.
شانەى ڕاگەیاندنى ئەمنى ڕایگەیاندووە، دواى پووچەڵکردنەوەى پرۆسەیەکى بەقاچاغبردنى چەک و مووشەک لە سنوورى عێراقەوە بۆ خاکى سووریا، بە فەرمانى فەرماندەى گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکى باڵا لە لایەنە پەیوەندیدار و تایبەتمەندەکان پێکهێنراوە بۆ ئاشکراکردنى وردەکارى بابەتەکە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هەماهەنگى لەگەڵ لایەنى سوورى دەکرێت بۆ زانینى سەرجەم وردەکارییەکانى پەیوەست بە پرۆسەى بەقاچاغبردنەکە و لیپرسینەوە لەگەڵ کەمتەرخەمەکان، بەجۆرێک گرەنتى پاراستنى ئاسایش و سەقامکیریی سنوورى هاوبەش بکات و ڕێگرى بکرێت لە هەر هەوڵێکى تێکدانى ئاسایشى نیشتمانى.
