
شارەزایانی سەربەخۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی قووڵیان دەربڕیوە، بەرامبەر بەو ڕاپۆرتانەی ئاماژە بە بوونی زیاتر لە حەوت هەزار و 400 کۆچبەر دەکەن بەدرێژایی سنوورەکانی نێوان تونس و لیبیا، کە زۆربەیان خەڵکی ناوچە بیابانییەکانی باشووری ئەفریقان و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2023ـەوە ڕووبەڕووی شێوازێکی سیستماتیکی دەستبەسەرکردنی زۆرەملێ، دەرکردنی بەکۆمەڵ و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەبنەوە.
شارەزایان ئاماژە بە تێوەگلانی هێزە ئەمنییەکانی تونس و لیبیا و گرووپە نادەوڵەتییەکانی لیبیا دەکەن لەم پێشێلکارییانەدا، بەگوێرەی ئەو لێدوانانەی لە کۆچبەران وەرگیراون، کارمەندانی ئەمنی بە تەزووی کارەبا و ئاسن و سەگ ئەشکەنجەیان داون مامەڵەی خراپ و نەشیاویان لەگەڵ کراوە، ئەمە جگە لە تەقەکردن، بە مەبەستی ترساندن و سزادانیان، هەروەها سووکایەتی پێکردنیان و دەستبەسەرداگرتنی کەلوپەلە تایبەتەکانیان، لەوانە مۆبایل و پاسپۆرت و بەڵگەنامە کەسییەکان، دابیننەکردنی خۆراک و چاودێری پزیشکییە پێویستەکان، بەشێک لە ڕاپۆرتەکەش ئاماژە بە بوونی حاڵەتەکانی دەستدرێژیکردنە سەر ژنان و دەستدرێژی جەستەیی توند بۆ سەر پیاوانیش دەکەن.
شارەزایان نیگەرانیی قووڵیان دەربڕیوە سەبارەت بە مامەڵەکردنی خراپ و سزادانی نامرۆڤانە، ئاماژەیان بەوەشکردووە، کە توندوتیژی و پشتگوێخستن بووەتە هۆی گیانلەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی کۆچبەران، هەروەک باس لە ئەگەری بوونی گۆڕی بەکۆمەڵی کۆچبەرانیش دەکرێت، لە نزیک دامەزراوە سەربازییەکان لە لیبیا.
ئەو پسپۆڕانە دەڵێن کۆچبەران، کە لە ناویاندا ژنانی دووگیان و منداڵی بێسەرپەرشت هەن، وەک کاڵا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و لە سنووری تونس و لیبیا بازرگانییان پێوە دەکرێت لە بەرامبەر پارە، سووتەمەنی و ماددە هۆشبەرەکان، هەندێکیان کاری زۆرەملێیان پێدەکرێت، یان بە کۆیلەکردنی سێکسی و ڕفاندن لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا.




.jpg)
