ترەمپ: چین گەورەترین پرۆسەى دزەکردنە نێو داتاکانى هەڵبژاردنى ئەنجامداوە

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، چین تۆمەتبار دەکات، بە ئەنجامدانى بە گەورەترین پرۆسەى دزەکردنە نێو داتاکانى هەڵبژاردن لە مێژوودا، ڕاشیگەیاند، پەردە لەسەر زانیارییە هەواڵگرییەکان هەڵدەگرێت کە خاڵە لاوازە شۆکهێنەرەکان لە سیستمى هەڵبژاردنى ئەمریکا دەردەخەن.

دزەکردن بۆ ناو داتاکانى هەڵبژاردن

بەرەبەیانى ئەمڕۆ بە کاتى هەرێمى کوردستان، دۆناڵد ترامپ لە کۆشکى سپییەوە وتارێکى بۆ گەلى ئەمریکا پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، بە درێژایی ساڵان و لە سەرەتاى هەڵبژاردنى ساڵى 2020 ەوە، چین، دەستیکردووە بە گەورەترین پڕۆسەى دزەکردنە نێو داتاکانى هەڵبژاردن لە مێژوودا، ئەوەش بووەتە هۆى ئەوەى بە ناڕەوا دەست بگرێت بەسەر دۆسییەى 220 ملیۆن دەنگدەرى ئەمریکى.

کردنەوەى دۆسییەى دەستتێوەردانەکانى چین

ترەمپ داواى لە بەڕێوەبەرى هەواڵگریی نیشتمانی و نووسینگەى لێکۆڵینەوەى فیدڕاڵى کرد، دۆسییەى لێکۆڵینەوە لە دەستتێوەردانى چین لە هەڵبژاردنەکان بکاتەوە، کارمەندانى (ئێفى بى ئاى) تۆمەتبار کرد بە شاردنەوەى بەڵگەنامەکانى دەستتێوەردانى چین لە هەڵبژاردنەکان.

دەوڵەتى قووڵ تێوەگلاون

ترەمپ گوتیشى، چین و وڵاتانى نەیار هەوڵیانداوە، سیستمى هەڵبژاردنى ئەمریکا تێکبدەن، زانیارییە هەواڵگرییەکانیش تواناى ڕووسیا و چین لە دزەکردنە نێو داتاکانى هەڵبژاردن لە ئەمریکا دووپاتدەکەنەوە. بەگوتەى ترەمپ، زانیارییەکان ئاشکرایانکردووە، کەسانێک لە دەوڵەتى قووڵ تێوەگلاون لە شاردنەوەى دەستتێوەردانەکانى چین.

چین پارەى بە میدیاکان لەدژى ترەمپ داوە

باسى لەوەشکرد، چین یەکەى تایبەتى بۆ قۆستنەوەى داتاى دەنگدەرانى ئەمریکا پێکهێناوە و هەوڵیداوە پەیوەندییەکانى لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانى ئەمریکا بەکاربهێنێت بۆ دژایەتیکردنى. جگە لەوەش تۆمەتبارى کردن بە پێدانى پارەیەکى زۆر بە میدیاکان تاوەکو ڕەخنەى لێبگرن.

گرتنەبەرى ڕێکارى پێویست بۆ پاراستنى زانیارییەکان

لە کۆتایی وتارەکەیدا، ترەمپ بەڵێنى دا ڕێکار و ڕێوشوێنى پێویست بۆ پاراستنى زانیاریی دەنگدەران بگرێتەبەر، بە پێویستیشى زانى کۆنگرێس یاسایەکى تایبەت دەربکات بۆ لێکۆڵینەوە لە ناسنامەى دەنگدەران.

دادگا تاوەکو ئێستا نەیسەلماندووە ئەنجامەکان دەستکاریکرابێت

قسەکانى ترەمپ لە کاتێکدایە، لە کۆى 60 سکاڵا کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و هاوپەیمانەکانییەوە لە دژى هەڵبژاردنى ساڵى 2020 بەرزکراونەتەوە، هیچ بڕیارێکى دادوەرییان بۆ دەرنەچووە کە بیسەلمێنێت ساختەکارییەکى وەها کرابێت ئەنجامى هەڵبژاردنى ساڵى 2020 بگۆڕێت، جگەلەوەش پرۆسەی ژماردنەوەى دەنگەکان و وردبیى کە وەزارەتى دادى ئەمریکا کردوویەتى، هیچ یەکێک لە تۆمەتەکانى ترەمپ و هاوپەیمانەکانى نەسەلماندووە.

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا