
سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، هێرشە سەربازییەکانی بۆ سەر ناوچەکە بەردەوامە و گوتی، مەرجی ڕاگرتنی هێرشەکانیان بەندە بە کۆتاییهێنانی بۆردوومانەکانی ئەمریکا لە باشووری وڵاتەکەیان. ئەم پەرەسەندنە دوای زنجیرەیەک هێرشی مووشەکی و درۆنی دێت کە چەندین وڵاتی عەرەبی و پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی گرتەوە و زیانی گیانیی لێکەوتەوە.
سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی بەردەوامیی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکە ڕایگەیاند، تاوەکو بۆردوومانەکانی ئەمریکا لە باشووری ئێران بەردەوام بن، هێرشەکانیان لە ناوچەکە درێژە پێ دەدەن.
مەجید موسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی ڕانەگرتنی هێرشەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند، تاران هێرشەکانی لە ناوچەکە ڕانەگرێت، تاوەکو ئەو کاتەی ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر باشووری ئێران و گەرووی هوورمز کۆتایی پێ دەهێنێت.
مەجید موسەوی لەبارەی یەکپارچەیی خاکی ئێران و وردیی هێرشەکانیانەوە گوتی، بۆ ئەوان جیاوازی لەنێوان هیچ ئینجێکی خاکی ئێراندا نییە، چی لە باشوور بێت یان لە تاران، لەلای ئەوان ئێران یەک جەستەیە؛ هێرشە کاریگەر و وردەکانمان لە دژی دوژمن کە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێرانەوە دەستمان پێکردووە، بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی ئارامی دەگەڕێتەوە بۆ کەنارەکانی باشوور و گەرووی هوورمز.
ئەم هۆشدارییەی سوپای پاسداران دوای ئەوە هات کە شەوی ڕابردوو هێرشەکانی ئەمریکا لە باشووری ئێران فراوانتر بوون و 2 پرد و چەند پێگەیەکی گرنگی دیکەیان بەئامانج گرت، لە وەڵامدا ئێرانیش هێرشی کردە سەر کووەیت، بەحرەین، قەتەر، ئوردن و هەرێمی کوردستان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆش چەند ناوچەیەکی سەر بە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران بوونەوە، هێرشە درۆنییەکەی سەر پارێزگای هەولێر لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە بەرپەرچ درایەوە، بەڵام هێرشە مووشەکییەکەی پارێزگای سلێمانی 9 شەهید و چەند بریندارێکی لێکەوتەوە، کە سەرجەمیان ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوون.