
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق ئاشکرای دەکات کە بە هەماهەنگی لەگەڵ پێنج وڵاتی ناوچەکە کار بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەک دەکەن کە لە ماوەی 2 ساڵدا گرنگیی گەرووی هوورمز زۆر کەم دەکاتەوە؛ هاوکات پشتگیریی تەواوی واشنتنی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپات دەکاتەوە.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق لەبارەی کەمکردنەوەی گرنگیی گەرووی هوورمزەوە ڕایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ سووریا، ئوردن، تورکیا، لوبنان و میسر کار بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەک دەکرێت کە لە ماوەی 2 ساڵدا گرنگیی گەرووی هوورمز زۆر کەم دەکات و دەبێتە لاوەکی.
تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە "لوتکەی کاروباری ئەمریکی-عێراقی" لە ژووری بازرگانی لە واشنتن لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا ڕایگەیاند، ئێمە دڵخۆشین بە پشتگیریکردنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و تیمەکەی لە هەموو ئاستەکاندا.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا لەبارەی تواناکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە گوتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق توانای ئەوەی هەیە ڕێڕەوی قۆناغی ڕابردوو بگۆڕێت بۆ هاوپەیمانییەکی نوێ کە لەسەر بنەمای ئاسایش، پەیوەندی و هاوبەشی بونیاد نراوە.
باراک باسی لەو ئاڵنگارییانە کرد کە ڕووبەڕووی عەلی زەیدی دەبێتەوە کە بریتین لە؛ یەکخستنی هەمەجۆریی خێڵەکی، ئایینی و کولتووری لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا کە خاوەن شەفافیەت، سەروەریی یاسا، لێبووردەیی، سەقامگیری و ئابوورییەکی چالاک بێت.
تۆم باراک لەبارەی پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی جەنگ دژ بە ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ناوچەکە لە ماوەی ڕابردوودا گۆڕانکاریی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و ئەوەی وەک جۆرێک لە شڵەژان و پاشاگەردانی دەردەکەوت لە سایەی پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە ئێران، لە ڕاستیدا بووە هۆی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هاوپەیمانییە ئەمنی و ستراتیجییەکان.
نێردەی ترەمپ بۆ عێراق جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، "قۆناغی ئێستا ئامانجی بونیادنانی مۆدێلێکی جیاوازە دوور لە پەراوێزخستن و دەستوەردانی سەربازی"، ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە هەوڵی گۆڕینی ڕژێمەکان لە ناوچەکەدا سەرکەوتنیان بەدەست نەهێناوە.