بەغدا و دیمەشق یاداشتنامەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی نەوتی حەدیسە - بانیاس واژۆ دەکەن
عێراق و سووریا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی ستراتیجیی بۆریی نەوتی خاوی نێوان حەدیسە و بانیاس واژۆ دەکەن، کە لە لایەن کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکییەوە جێبەجێ دەکرێت؛ هاوکات واشنتن پێشوازی لەم هەنگاوە دەکات و شاندی عێراقیش واژۆکردنی 50 ڕێککەوتنی نوێ بە بەهای 60 ملیار دۆلار ڕادەگەیەنێت.
سپاردنی پڕۆژەکە بە کۆمپانیای شیڤرۆن
بەرپرسانی کەرتی نەوت لەبارەی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەوە ئاماژە بەوەش دەکەن، یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە لە نێوان عێراق و سووریا بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆریی نەوتی حەدیسە بۆ بانیاس واژۆ کراوە و کۆمپانیای شیڤرۆن ئەرکی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی لەئەستۆ دەبێت.
پێشوازیی ئەمریکا لە یاداشتنامە نەوتییەکە
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەبارەی واژۆکردنی یاداشتنامەکەوە ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا پێشوازی لە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی مێژوویی لێکتێگەیشتن لە نێوان حکومەتەکانی عێراق و سووریا دەکات سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆریی نەوتی خاوی نێوان هەردوو وڵات.
گرنگیی پڕۆژەکە بۆ ئاسایشی ئابووریی ناوچەکە
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەشێکی تری ڕاگەیێنراوەکەدا لەبارەی گرنگیی پڕۆژەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم پڕۆژە گرنگەی ژێرخانی ئابووری دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش ڕۆڵێکی سەرەکی لە جێبەجێکردنیدا دەگێڕن.
واژۆکردنی ڕێککەوتننامە دارایی و ئابوورییەکانی عێراق لە واشنتن
هاوکات شاندی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی لە واشنتن، 50 ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بە بەهای 60 ملیار دۆلار واژۆ کردووە.
2 کاتژمێر پێش ئێستا