
پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ واشنتن و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی، ئابووریی ئێرانیان تووشی شۆکێکی گەورە کردووە و نرخی پێداویستییە سەرەتاییەکان لە بازاڕەکاندا بە شێوەیەکی خەیاڵی بەرزبووەتەوە.
بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلار جارێکی دیکە گەیشتەوە ئاستی جەنگی 40 ڕۆژەی ڕابردوو. لە ئێستادا لە بازاڕەکانی تاران، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی بۆ حەواڵە گەیشتووەتە 19.2 ملیۆن تمەن، هەروەها بەشێوەی کاش نزیکەی 17 ملیۆن تمەن مامەڵەی پێوە دەکرێت. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، بەمزووانە تمەن ئاستی 20 ملیۆن تێدەپەڕێنێت.

بەگوێرەی ئاماری فەرمیی ناوەندی ئاماری ئێران، ڕێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە %62. هاوکات بانکی ناوەندیی ئەو وڵاتە ڕێژەی %57.7ی ڕاگەیاندووە. بەڵام بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕدا نیشانی دەدەن کە هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ گەیشتووەتە %88.6، کە ئەمەش کاریگەرییەکی کوشندەی لەسەر بژێوی هاووڵاتییان دروست کردووە.
میدیا فەرمییەکانی ئێران (ئیرنا و میهر) دانیان بەوەدا ناوە کە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان لە 15 ساڵی ڕابردوودا بێ وێنە بووە. نرخی خۆراک بە گشتی بە ڕێژەی %133 زیادی کردووە. دیارترین بەرزبوونەوەش لە گۆشتی سووردا بووە کە گەیشتووەتە %178، هەروەها نرخی نان %120 و پەنیر و شیر %92 بەرزبوونەتەوە.

گەمارۆی دەریایی ئەمریکا لە گەرووی هوورمز جووڵەی بازرگانیی ئێرانی پەکخستووە. ئەمە بووەتە هۆی گرانبوونی کەرتی دەرمان بە ڕێژەی %81.4 و هاتوچۆ %97.6. هەروەها کەرتی پۆشاک %82.2 و خەرجییەکانی خوێندن %48.4 زیادی کردووە، کە باری دارایی خێزانەکانی ئێرانی قورستر کردووە.
ناجێگیریی بەهای تمەن وایکردووە ئێرانییەکان متمانەیان بە دراوی وڵاتەکەیان نەمێنێت. زۆربەی هاونیشتمانیان تەنیا بۆ پێداویستی ڕۆژانە مامەڵە بە تمەن دەکەن و سەرمایەکانیان گۆڕیوە بۆ زێڕ یان یۆرۆ. ئەم ناجێگیرییە ئابوورییە لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە پێشتر شایەتی خۆپێشاندانی جەماوەری بووە بەهۆی دۆخی خراپی گوزەرانەوە.

گۆشتی سوور: %178
خۆراک بە گشتی: %133
نان: %120
شەکر: %101.6
هاتوچۆ: %97.6
هۆتێل: %97.4
میوە: %93.5
پەنیر و شیر: %92
پۆشاک: %82.2
دەرمان: %81.4
خوێندن: %48.4
ئاو، کارەبا و غاز: %9.4





