ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەمەن: دەبێت دەوڵەت لە حوسییەکان پاکبکەینەوە

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەمەن
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەمەن

ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەمەن دەڵێت، کاتی ئەوە هاتووە، دامودەزگاکانی دەوڵەت لە گرووپی ئەنساروڵای سەر بە حوسییەکان وەربگیرێتەوە، ئەنجوومەنەکە دەڵێت، بەهۆی دواین پەلکێشییەکانی ئەو گرووپەوە گەمارۆ خراوەتە سەر یەمەن.

وەرگرتنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە حوسییەکان

عوسمان مەجەلی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەمەن دەڵێت، ئێستا کاتی ئەوەیە دامەزراوەکانی دەوڵەت لە حوسییەکان وەربگرینەوە، دەشڵێت باجی گەڕان بۆ ئاشتی لەگەڵ حوسییەکان لەباجی ڕووبەڕووبونەوەیان قورستربوو.

وەڵامدانەوەی گەمارۆ بە گەمارۆ

لە بەرامبەر ئەم لێدوانانە، گرووپی ئەنساروڵا باس لە هەڵکشانی زیاتری هەنگاوەکان دەکات ئەگەر ئەو گەرمارۆیەی لەسەر یەمەن هەیە بەردەوام بێت، هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووندیش دەکەن و دەڵێن، گەمارۆ بە گەمارۆ، فڕۆکەخانە بە فڕۆکەخانە و ئەوەی بەرامبەرمان بکرێت، بەرامبەریان دەیکەینەوە.

بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەی حوسییەکان بە ئاڕاستەی باشوور

ڕۆژی دووشەممەی پێشوو، گوتەبێژی پاڵپشتی بۆ هاوپەیمانی یەمەن ڕایگەیاند، بەرگریی ئاسمانی بەرپەچی ئەو هەڕەشانەی داوەتەوە کە حوسییەکان بە ئاڕاستەی ناوچەکانی باشوور ناردوونی.

بە ئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەخت

ئەم هێرشەی حوسییەکان لە پاش چەند کاتژمێرێک بوو لە ڕاگەیێنراوی وەزارەتی بەرگریی یەمەن تێیدا فڕۆکەخانەی سەنعای نێودەوڵەتی بۆ ڕێگەگرتن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی بە ئامانج گیرا، حوسییەکانیش ئەم هەنگاوەیان بە کۆتایی ئاگربەست دانا، گەشتەکەش یەکەم گەشتی فڕۆکەیەکی ئێرانی بوو لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوو.

لەم پرۆسەیە حوسییەکان سعودیەیان تۆمەتبارکرد بە ڕێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەکە و دەستپێکردنی گرژییەکانیشییان بەرامبەر ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا