لەهەرێمى کوردستان 77 کۆمپانیاى بازاڕە داراییەکان کاردەکەن؛ "90%ـی بەشداربووانیش زیان دەکەن"
سەرەڕای قەدەغەکردنیان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە، زۆرتر لە 77 کۆمپانیای نێوەندگیری دارایی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن و نزیکەی 250 ملیۆن دۆلاری هاونیشتمانیانیان لایە، شارەزایانیش هۆشداری دەدەن کە بەهۆی نەبوونی یاسا و شارەزایی پێویست، زۆرینەی ڕەهای مامەڵەکاران سەرمایەکانیان لەدەست دەدەن و ڕووبەڕووی فێڵی جۆراوجۆر دەبنەوە.
گرنگیی شارەزایی لە ئەنجامدانی کاردا
پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت "نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب"، واتە هەموو پیشەیەک ڕێکار و شارەزایی خۆی دەوێت؛ ناتوانیت چەندین کار لە یەک کاتدا جێبەجێ بکەیت، تەنیا دەتوانیت لە بەڕێوەبردنی کارێکدا سەرکەوتوو بیت. ئەم پەندە جوانەمان هەیە و بەشێک لە هاونیشتمانیانی ئەم هەرێمی کوردستانە ڕێک پێچەوانەکەی ئەنجام دەدەن؛ ئەو پارە و سەرمایەیەی هەیانە بە نەزانی دەیخەنە بازاڕێکەوە کە تێیدا شارەزا نین و وەک دەڵێن "مەلە لە ئاوی لێڵدا دەکەن".
دۆخی بازاڕە داراییەکان لە هەرێمی کوردستان
بازاڕە داراییەکان و بازاڕی فۆڕێکس لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە و ملیۆنان کەس تێیدا بەشدارن. لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ قەدەغەی مامەڵە داراییەکانی کردووە، بەڵام 77 کۆمپانیا و نێوەندگیری بازاڕە داراییەکان بوونیان هەیە، کە 74ـیان لە هەولێر و تەنیا 3 دانەیان لە سلێمانییە. جۆرەها هاونیشتمانی هەر ئەوەندەی دوو کەس قسەی بۆ دەکات، بە 100 دۆلار یاخود 500 دۆلار تا زۆرترین بڕە پارە، خۆی دەخاتە ئەم بازاڕەوە و دواتر بە دەستبەتاڵی دێتە دەرەوە؛ لەکاتێکدا ڕەنگە ئەو پارەیە بخەیتە هەر کارێکی دیکەوە یاخود پاشەکەوتی بکەیت، لە داهاتوودا زۆرترین سوودی ئابووریت پێ بگەیەنێت.
شێوازی کارکردنی نایاسایی کۆمپانیاکان
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8 کە لە شارەزایانی بازاڕە داراییەکان دەستی کەوتووە، ئەوانەی مامەڵەی کەسی بە دراوی ئەلیکترۆنی دەکەن، ئەو کۆمپانیایانە خۆیان لەژێر ناوی دیکە و کاری دیکەدا مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام ئەم کارەش دەکەن؛ ئەوانەشی کە بەشدارن لەڕێگەی گرووپی تایبەتەوە ڕاوێژەکان وەردەگرن و زۆرینەی کارەکان لەڕێگەی ئۆنلاینەوە ئەنجام دەدرێن.
بڕیارەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ ڕێگری لە کێشەکان
بەهۆی زۆریی کێشە لەو بوارەدا، لە ماوەی ڕابردوودا وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری قەدەغەکردنی بۆ سەرجەم ئەو مامەڵانە دەرکرد و لە ئێستادا تەنیا چەند ئۆفیسێک بە فەرمی لە هەولێر و سلێمانی بوونیان هەیە، ئەوانی دیکە لەڕێگەی گرووپی ئۆنلاینەوە کارەکانیان دەکەن.
چاوەڕوانییەکان بۆ ڕێکخستنی یاسایی بازاڕەکە
بۆیە ئەوەی ئێستا هەیە تەنیا لە ئاستی کەسیدایە و هیچ کۆمپانیا و شوێنێک مۆڵەتی فەرمی نییە بۆ کارکردن بە دراوی ئەلیکترۆنی، تا ئەو کاتەی بە یاسا ڕێک دەخرێت؛ چاوەڕوان دەکرێت پاش کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژەیاسا بۆ بازاڕە داراییەکان پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.
قەبارەی وەبەرهێنانی هاونیشتمانیان لە فۆڕێکسدا
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لەڕێگەی ئەو 77 نێوەندگیرییەی بازاڕە داراییانەوە، بڕی 200 بۆ 250 ملیۆن دۆلاری هاونیشتمانیان لەناو بازاڕە داراییەکاندایە بۆ زێڕ، نەوت و دراوە ئەلیکترۆنییەکان؛ هاوکات دەخەمڵێندرێت نزیکەی 50 هەزار هاونیشتمانی پارەیان لە بازاڕە داراییەکاندا هەبێت کە لە 50 دۆلارەوە تا زۆرترین بڕە پارە دەست پێ دەکات.
ئاماری کۆمپانیاکان و پاڵپشتییە سیاسییەکان
کاروان فەتحی، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ژمارەی کۆمپانیاکان و قەبارەی سەرمایەکەیان بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند: "لە هەولێر 74 کۆمپانیا و نێوەندگیری بازاڕە داراییەکان هەن؛ پارەی هاونیشتمانیان لەو کۆمپانیایانەدا زۆرترینیان 12 ملیۆن دۆلار و کەمترینیان 100 هەزار دۆلارە. تەنیا دوو بۆ سێ ئۆفیسی کراوە هەن کە پاڵپشتیی حزبییان هەیە، ئەوانی تر داخراون و پێیان ڕاگەیەندراوە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە کارەکانتان بکەن، واتە جۆرێک لە ڕێگەپێدان هەیە تا ئەو کاتەی بە یاسا ڕێک دەخرێت."
چاودێریکردنی مامەڵە داراییەکان لە سلێمانی
کاروان فەتحی لەبارەی دۆخی کۆمپانیاکانی سلێمانییەوە ئەوەشی خستە ڕوو، هاوکات لە سلێمانیش سێ دانە هەن؛ ئەوانەی سلێمانی چاودێریی مامەڵەکانیان دەکرێت تاوەکو هاونیشتمانیان فریو نەدرێن و کەس پارەی لە بازاڕە داراییەکاندا نەفەوتێت.
پێویستیی هەبوونی یاسای تایبەت بە بازاڕەکان
ناوبراو لەبارەی سیستمە جیهانییەکانەوە ئاماژەی بەوەش کرد، لە وڵاتانی جیهاندا یاسای تایبەتیان هەیە؛ هەم بۆ کۆمپانیا و هەم بۆ ئەوانەی مامەڵەی تێدا دەکەن، دەبێت کۆمەڵێک تایبەتمەندییان هەبێت و ڕێکخراو بن.
نەبوونی چاودێری و بەرزبوونەوەی ڕێژەی فێڵکردن
کاروان فەتحی لەبارەی نەبوونی یاسا لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، لە هەرێمی کوردستان کە ئاڵوگۆڕی دراو، زێڕ، زیو، نەوت و دراوە ئەلیکترۆنییەکان -کە بە بازاڕی فۆڕێکس ناسراوە- دەکرێت، هیچ یاسایەک نییە و ناشتوانرێت ڕێگریی لێ بکرێت؛ چونکە لەڕێگەی ئۆنلاینەوە ئەم مامەڵانە هەر دەکرێن. ئەگەر ئۆفیس و شوێنێکیش نەبێت، ئەکاونتێک دەکەیتەوە و پارە لەڕێگەی فاست پەی، ئێف ئای بی و حەواڵەوە داخڵ دەکرێت، بەڵام بە گشتی چاودێرییان لەسەر نییە. ئەگەر هاونیشتمانییەک پارەکەی بفەوتێت، شوێنێک نییە سکاڵای لێ بکەیت و پەنای بۆ ببەیت. هەروەها گوتیشی: "98%ـی ئەو نێوەندگیرییە داراییانە بوونەتە هۆی ئەوەی فێڵ یاخود زیانی دارایی بە هاونیشتمانیان بگەیەنن."
زیانە گەورەکانی هاونیشتمانیان لە بازاڕە داراییەکاندا
ئەو شارەزایەی بازاڕە داراییەکان لەبارەی ئاستی زیانەکانەوە دەشڵێت: "نەزانی لە بازاڕە داراییەکاندا بووەتە هۆی ئەوەی کارەکە وەک قومار خۆی پیشان بدات؛ 85% بۆ 90%ـی هاونیشتمانیان زیانی دارایی دەکەن، بە جۆرێک لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە 900 هەزار دۆلار تاوەکو 5 ملیۆن دۆلار لەم بازاڕەدا لەدەست دراوە."
ڕێنمایی بۆ پاراستنی سەرمایەی هاونیشتمانیان
وەک هۆشیارییەک بۆ ئەو کەسانەی لە بازاڕی فۆڕێکس یاخود بازاڕە داراییەکاندا وەبەرهێنان بە پارەکانیان دەکەن، کاروان فەتحی لەبارەی بنەماکانی مامەڵەکردنەوە دوو خاڵی دیاریکرد کە پێویستە هاونیشتمانیان تێیدا هۆشیار بن؛ یەکەم: بە هیچ شێوەیەک ئەو پارەیەی لە خۆت زیاد نییە، یان پارەی ژنهێنانە، یاخود قەرز و پارەی ئۆتۆمبێلەکەتە، ناکرێت بچیتە ئەم بازاڕەوە، چونکە لەدەستدانی بڕێک پارە بە ئاسانی دەستت ناکەوێتەوە.
مەرجی شارەزایی بۆ کارکردن لە فۆڕێکسدا
کاروان فەتحی لەبارەی دووەم بنەمای کارکردنەوە دەڵێت، پێویستە ئەو کەسانەی لە بازاڕە داراییەکاندا مامەڵە دەکەن شارەزایی تەواویان هەبێت، چونکە بە یەک کلیک ڕەنگە ئەو پارەیەی خستووتەتە ئەم بازاڕەوە لەدەستی بدەیت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا