
وزەی عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت؛ وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت کە تاوەکو ساڵی 2029 کۆتایی بە سووتانی گازی هاوەڵ دەهێنن، هاوكات بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز، یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی و قەتەری واژۆ کردووە بۆ ڕاکێشانی بۆریی نەوت لە بەسڕەوە بەرەو تورکیا، سووریا و ئوردن.
باسم محەممەد خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی پلانی وەزارەتەکەیەوە بانگەشەی ئەوەی کرد تاوەکو ساڵی 2029 کۆتایی بە سووتانی گازی هاوەڵ دەهێنن، ڕاشیگەیاند، لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی و کۆمپانیایەکی قەتەری لێکتێگەیشتنیان کردووە بۆ ڕاکێشانی بۆریی نەوت لە بەسڕەوە بۆ کەرکووک و لەوێشەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
وەزیری نەوتی عێراق، بە یاوەریی عەلی زەیدی سەرۆکوەزیران لە واشنتنە، بە ئامانجی فراوانکردنی هەماهەنگییەکان لە بواری نەوت و وزە.
وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی پلانەکانی وەزارەتەکەی بۆ هەردوو دۆسیەی نەوت و گازی سروشتی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، پلانیان وایە لە کۆتایی ساڵی 2028 و سەرەتای 2029 کۆتایی بهێنن بە سووتانی گازی هاوەڵ، هاوشانی ئەوەش چەند پڕۆژەیەکی گرنگیان هەیە لە کێڵگەکانی (مەنسورییە، عەکاز) و کێڵگەکانی دیکە.
وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی ئامانجی پڕۆژە گازیاوییەکانەوە گوتیشی "ئامانج لە پڕۆژەکان، بەرهەمهێنانی گازی پێویست و کۆتاییهێنانە بە هاوردەکردن".
وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی هەوڵەکانیان بۆ فرەکردنی سەرچاوەکانی هەناردەی نەوت و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گەرووی هورمز، باسی لەوە کرد، دید و ستراتیژیان بۆ ئەو مەبەستە هەیە کە خۆی دەبینێتەوە لە زۆرکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن.
وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی گرنگیی فرەچەشنکردنی ڕێڕەوەکانی گواستنەوەوە بەپێویستی زانی تەنیا پشت بە گەرووی هورمز نەبەستن بەڵکو دەبێت دەروازەکانی هەناردەکردن زیاد بکەن، لەوانەش فراوانکردنی دەروازەی جەیهان، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ ئیئتیلافی کۆمپانیاکانی (شیفرۆن و تی ئای کەپیتەڵ)ی ئەمریکی و کۆمپانیای (یو سی سی)ی قەتەری واژۆ کردووە و دیراسەی چۆنیەتیی ڕاکێشانی بۆریی نەوت لە بەسڕەوە بۆ کەرکووک و لەوێوە بۆ بەندەری جەیهان دەکەن.
جگەلەوەش لقێکی بۆرییەکە بۆ بەندەری بانیاسی سووریا ڕادەکێشرێت، لە قۆناغی دووەمیشدا ڕاکێشانی لقێکی بۆرییەکە بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن دیراسە دەکرێت.