عێراق بەهۆى جەنگەوە 302 ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنانى نەوتى کەمکردووەتەوە

ئارا ئیبراهیم 17 کاتژمێر پێش ئێستا
کێڵگەیەکی نەوت لە باشووری عێراق. فۆتۆ: AP
کێڵگەیەکی نەوت لە باشووری عێراق. فۆتۆ: AP

عێراق لە شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا بەهۆى کاردانەوەى جەنگى ئێرانەوە عێراق 302 ملیۆن بەرمیل نەوتى کەمتر بەرهەمهێناوە، کە پێش جەنگ زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل بووە.

کەمبوونەوەی بەرهەم بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ئاشکراى کردووە، شەش مانگى ئەمساڵ عێراق 440 ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتى خاوى بەرهەمهێناوە، بەڵام بەهۆى جەنگى ئێرانەوە 302 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانى نەوتى لەکاتی جەنگ و ئاڵۆزییەکانى ئێران کەمکردووەتەوە.

لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەرهەمهێنانی نەوت ئاسایی بووە

بەگوێرەى بڵاوکراوەی ڕوانگەکە، بەرهەمهێنانی نەوت لە کانوونى دووەم و شوبات لە ئاستی ئاسایی خۆیدا بووە، کە ڕۆژانە چوار ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، پێش ئەوەی لەماوەی چوار مانگی دواتردا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرهەمهێنانى نەوت کەم بکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، تێکڕای بەرهەمهێنانی ڕۆژانە لە مانگی کانوونى دووەمى ئەمساڵ چوار ملیۆن و 97 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا و مانگى شوبات چوار ملیۆن و 140 هەزار بەرمیل بووە.

لە مانگی ئایاری بڕی بەرهەم گەیشتووەتە نزمترین ئاست

هەروەها لەمانگى ئازار یەک ملیۆن و 906 هەزار بەرمیل و لە مانگى نیسان یەک ملیۆن و 633 هەزار بەرمیل نەوت و لە مانگى ئایار گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی کە یەک ملیۆن و 406 هەزار بەرمیل نەوتى خاو بووە لە ڕۆژێکدا، هاوکات لە مانگى حوزەیران یەک ملیۆن و 525 هەزار بەرمیل بووە.

ڕوانگەی ئیکۆ عێراق، جەختى لەوەکردووەتەوە کۆی زیانەکانی بەرهەمهێنان لەماوەی چوار مانگدا لە مانگی ئازار تاوەکو مانگی حوزەیران نزیکەی 302 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل بووە.

ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی لە دەستداوە

ئەمە لەکاتێکدایە، پێش جەنگى ئێران کە لە 28ـى شوباتى ئەمساڵ دەستیپێکرد، عێراق ڕۆژانە چوار ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوتى هەبووە، کە بەتێکڕاى ڕۆژانە بەهۆى جەنگەوە ڕۆژانە یەک ملیۆن و 654 هەزار بەرمیل نەوتى خاوى لەدەستداوە لەماوەى شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵدا.

ئارا ئیبراهیم

17 کاتژمێر پێش ئێستا