تەڤگەری ئازادی: ئەگەر یاسای چوارچێوە ئازادیی ئۆجەلانی تێدا نەبێت هیچ پرسێک چارەسەر ناکات

دیمەنێک لە کاتی پرۆسەی چەکدانانی ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسانە لە نزیک سلێمانی. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8
دیمەنێک لە کاتی پرۆسەی چەکدانانی ژمارەیەک ئەندامی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسانە لە نزیک سلێمانی. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

تەڤگەری ئازادی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کۆمەڵێک مەرج دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت، دەبێت یاساکە هەموو ئەندامان و سەرکردایەتیی پەکەکە بەبێ جیاوازی بگرێتەوە.

مەرجەکانی گرتنەوەی یاسای چوارچێوە

بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە "یاسای چوارچێوە" کە وەک زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی چارەسەری دەبینرێت، هەموو ئەندامان و بەرپرسانی پەکەکە بەبێ جیاوازی بگرێتەوە. جەخت لەوەش دەکەنەوە کە دەبێت یاساکە دەرفەتی سیاسەتی دیموکراتیی بۆ هەموو سەرکردایەتی و ئەندامان بڕەخسێنێت.

ئازادیی ئۆجەلان وەک بنەمای چارەسەری

تەڤگەری ئازادی ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر یاسای نوێ ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەخۆ نەگرێت، ناتوانێت هیچ پرسێک چارەسەر بکات. ئاماژە بەوەش دەکەن کە ماوەی 2 مانگە رێگری لە ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئۆجەلان دەکرێت، لە کاتێکدا ئەو "دانوستانکاری سەرەکییە" و بەبێ ئەو بەردەوامبوونی پرۆسەکە بە کارێکی سەخت دەزانن.

ڕەخنە لە هەڵوێستی دەسەڵاتی تورکیا

تەڤگەری ئازادی دەسەڵاتدارانی تورکیا تۆمەتبار دەکات بەوەی کردار و گوفتاریان یەکناگرێتەوە. جەخت دەکەنەوە کە نابێت یاسای چوارچێوە بە ئیرادەی "تاکلایەنە و سەپاندن" دەربچێت. بە بڕوای ئەوان، دەرنەکردنی یاسایەک کە ئازادیی ئۆجەلانی تێدا بێت، بە واتای هەوڵدان بۆ تێکدانی تەواوی پرۆسەی چارەسەری دێت.

پرسی کورد و پرسی دانانی چەک

لە بەشێکی تری ڕاگەیێنراوەکەدا هاتووە، کە ناتوانرێت چاوەڕوانی سەرکەوتنی پرۆسەکە بکرێت ئەگەر پرسی کورد تەنیا لە "دانانی چەکدا" کورت بکرێتەوە. تەڤگەری ئازادی بە پێویستی دەزانێت گفتوگۆ و ڕێککەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلان بکرێت بۆ ئەوەی یاسایەک دەربچێت کە هیچ جۆرە کەموکوڕی و بۆشاییەکی تێدا نەبێت.