سامانە سروشتییەکان: بەنزینى بازرگانى نۆرماڵ ليترى نابێت لە 850 دینار زیاتر بێت

ئارا ئیبراهیم 15 کاتژمێر پێش ئێستا
نۆڕە و سەرەی بەنزین لە هەولێر
نۆڕە و سەرەی بەنزین لە هەولێر

وەزارەتى سامانەسروشتییەکان نرخى بەنزینى جۆرى نۆرماڵى بازرگانى و حکومى دیاریکردووە، کە بەنزینى نۆرماڵ حکومى لیترێک بە 750 دینارو بەنزینى بازرگانى نۆرماڵ ليترى نابێت لە 850 دینار زیاتر بێت، هاوکات پارێزگارى هەولێریش لیژنەیەکى بۆ بەدواداچوونى نرخى سووتەمەنى و بەنزین پێکهێناوە.

لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونى نرخى سووتەمەنى و بەنزین پێکهێنراوە

لە نووسراوێکدا کە کەمال محەممەد، وەزیرى سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت واژۆى کردووەو ئەمڕۆ دووشەممە 20ـى تەمووز دەرچووە، تێیدا هاتووە" دوا بەدواى نووسراوى ژمارە (2364) لە بەروارى 2ـى تەمموز کە تایبەتە بە ڕێگەپێدان  بەهاوردەکردنى بەنزین  بۆ پارێزگاکانى هەرێم، لەسەر فەرمانى  سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران، بەمەبەستى چارەسەرکردنى قەیرانى سووتەمەنى و دابەزاندنى نرخى بەنزین لە بازاڕەکانى هەرێم و کەمکردنەوەى بارگرانى لەسەر هاونیشتمانیان بڕیارماندا، بەنزینى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان کوالێتى نۆرماڵ  دابەش دەکرێت بەسەر هاونیشتمانیان و نرخى فرۆشتنى  بریتیە لە 750 دینار بۆ هەر لیترێک.، کە بەهەمان ڕێکار بەردەوام دەبێت و وەزارەت هەوڵدەدات زۆرترین ڕێژەى بەنین بخاتە بازاڕەوە.

نرخی بەنزینی بازرگانی نۆرماڵ 850 دینار دەبێت

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە، نرخى فرۆشتنى بەنزینى بازرگانى کواڵیتى نۆرماڵ نابێت لە 850 دینار بۆ هەر لیترێک زیاتر بێت ، بەپێچەوانەوە بەنزینخانەکان ڕووبەرووى لێپێچینەوە دەبنەوە و لە ڕۆژى دەرچوونى ئەم نوسراوەشەوە دەکەوێتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

لیژنەیەکی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی نوسراوەکەی سامانە سروشتییەکان پێکهێنراوە

هاوکات، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر لەنوسراوێکدا لیژنەیەکى تایبەتمەند ڕاسپێردرا بۆ جێبەجێکردنى نوسراوەکەى وەزارەتى سامانە سروشتییەکان.

پارێزگارى هەولێر لیژنەیەکى لە نوێنەرى پارێزگارى هەولێر بۆ کاروبارى ناوخۆو بەڕێوەبەرایەتى گشتى ئاسایش و بەرگرى شارستانى و نوێنەرى قایمقامییەتى ناوەندى هەولێرو نوێنەرى بەرێوەبەرایەتییەکانى نەوت و کانزاکان پێکهێناوە کە بەدواداچوون بۆ نرخى بەنزین و گازوایل و نەوتى سپى و نرخى گازى ئێل پى جى دەکەن.

سزای سەرپێچیکاران دەدرێت

لەنوسراوەکەى پارێزگارى هەولێر جەختلەوە کراوەتەوە، ئەوانەى سەرپێچى دەکەن، سزاکەیان پێبژاردن و داخستن دەبێت بۆ ئەوانەى هەوڵى قۆرخکردن و گرانکردنى نرخ دەکەن لە فرۆشتنى  جۆرەکانى سووتەمەنى و خراێتى کوالێتى.

ئارا ئیبراهیم

15 کاتژمێر پێش ئێستا