ڕاوێژکارى ئاسایشیی نیشتمانی: عێراق هەوڵدەدات پەیوەندییەکانى لەگەڵ ناتۆ فراوان بکات

دانیار فاروق 14 کاتژمێر پێش ئێستا
قاسم عەبودى، ڕاوێژکارى ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق
قاسم عەبودى، ڕاوێژکارى ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق

قاسم عەبودى، ڕاوێژکارى ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، لە هەوڵى فراوانکردنى پەیوەندییەکانیانن لەگەڵ هاوپەیمانێتى باکوورى ئەتڵەسى، دەشڵێت، بڕیارى چەک لە دەستى دەوڵەت و هاوسەنگى لە پەیوەندییەکان، لە پێشینەی کارەکانی حکومەتى عێراقە.

پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئاسایشی ئەلکترۆنی و ژیریی دەستکرد

بەگوێرەى ڕاگەیێندراوێکى نووسینگەى ڕۆژنامەوانى ڕاوێژکارى ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق، قاسم عەبودى، لە پەیوەندییەکیدا لەگەڵ ڕامۆن ئەرمادا، فەرماندەى نێردەی ناتۆ لە عێراق، گفتوگۆی کردووە لە بارەی پەرەپێدانى پەیوەندییەکانیان لە بوارەکانى ئاسایشی ئەلیکترۆنی و ژیریی دەستکرد و مەشق و ڕاهێنان.

فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ناتۆ و عێراق

عەبودى، جەختیکردووەتەوە، عێراق لە هەوڵى فراوانکردنى پەیوەندییەکانێتى لەگەڵ ناتۆ، کە لەگەڵ ستراتیجى ئەمنى یەکبگرێتەوە، ئاماژەى بەوەشکردووە، عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق،لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ناتۆ تێڕوانینێکى ڕوونى هەیە لە ڕێگەى بەرنامەی کابینەکەیەوە ".

بڕیاری چەک لە دەستی دەوڵەت بونیادنانی پەیوەندی هاوسەنگە

ڕاوێژکارى ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق، ڕاشیگەیاندووە، بڕیارى چەک لە دەستى دەوڵەت و بونیادنانى پەیوەندى هاوسەنگ و کرانەوەى عێراق بەڕووى هەموو وڵاتانى جیهان،  لە پێشینەی کارەکانى حکومەتى عێراقە.

دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی ناتۆ بۆ حکومەتی عێراق

لایخۆیەوە، فەرماندەى هێزەکانى ناتۆ ڕایگەیاندووە، بەردەوام دەبن لە پاڵپشتییەکانى حکومەتى عێراق لە بوارەکانى ئاسایش و ڕاهێنان و ڕاوێژکردن، ئەوەش پەرە بە ئاساییش و سەقامگیریی عێراق دەدات.

دانیار فاروق

14 کاتژمێر پێش ئێستا