چوارچێوەی هەماهەنگی: "پارێزبەندی سیاسی بۆ هیچ کەسێک ناکەین کە تێوەگلابێت لە گەندەڵی"

ئارام یوسف 9 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی
کۆبوونەوەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی

چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ ڕێککەوتنەکانی واشنتن و هەڵمەتی "بەرەبەیان" ڕاگەیاند و جەختی لە پاراستنی سەروەریی بڕیاری نیشتمانی کردەوە.

پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکانی واشنتن

لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجامی سەردانی شاندی عێراق بۆ ئەمریکا دەربڕی. زەیدی وردەکاریی ئەو لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنانەی خستە ڕوو کە لە بوارە جیاوازەکاندا واژۆکراون. چوارچێوەکە پێی وایە ئەم هەنگاوە پێگەی نێودەوڵەتیی عێراق بەهێز دەکات و دەبێتە هۆی ڕاکێشانی وەبەرهێنان و دابینکردنی هەلی کار.

هەڵوێست لەسەر هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ حکومەت، دەسەڵاتی دادوەری و دەستەی دەستپاکی ڕاگەیاند بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران. لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە کە پارێزبەندیی سیاسی بۆ هیچ کەسێک ناکرێت کە لە کەیسی گەندەڵییەوە تێوەگلابێت، گرنگ نییە سەر بە چ لایەنێکی سیاسی بێت. داواشیان کرد ڕێکارە یاساییەکان بە شێوەیەک بن کە گرەنتی سەلامەتیی هەڵمەتەکە بکەن و پارێزگاری لە سامانی گشتی بکەن.

سەقامگیریی سیاسی و خزمەتگوزارییەکان

بەشێکی تری کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی گشتیی عێراق و بەهێزکردنی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی. ئامادەبووان جەختیان لە گرنگیی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئاڵنگارییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان کردەوە، بە ئامانجی پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی.

ئارام یوسف

9 کاتژمێر پێش ئێستا