کۆمپانیای شاماران بەرهەمهێنانى لە 2 کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاگرت
کۆمپانیای شاماران بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی خاو، بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە، بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی لە دوو کێڵگەی سەرەکیی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرت، ئەمەش لە کاتێکدایە بەرهەمی ڕۆژانەی ئەو دوو کێڵگەیە گەیشتبووە 63 هەزار بەرمیل.
هۆکاری ڕاگرتنی بەرهەمهێنان لە دهۆک
کۆمپانیاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی هۆکاری وەستاندنی کارەکانی ڕایگەیاند، بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتیان لە کێڵگەکانی ئەتروش و سەرسەنگ لە پارێزگای دهۆک بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە، بڕیارەکەشی بۆ تێکچوونی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە گەڕاندووەتەوە.
پاراستنی کارمەند و سامانی کێڵگەکان
کۆمپانیای شاماران لەبارەی چاودێریکردنی دۆخەکەوە ڕایگەیاند: "کۆمپانیای شاماران لەگەڵ هاوبەشەکانی لە وەبەرهێنان چاودێریی بارودۆخی ناوچەکە دەکەن، تاوەکو کارمەند و سامانی کێڵگەکانیان بپارێزن، هەر کاتێکیش دۆخەکە هێوربووەوە کارەکانیان دەستپێدەکەنەوە."
پشکی کۆمپانیاکە و ئاستی بەرهەمهێنان
شاماران، کۆمپانیایەکی سەربەخۆی نەوت و گازە و لە هەرێمی کوردستان کار دەکات، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ 50%ـی کێڵگەی ئەتروش و هاوکات 18%ـی پشکی کێڵگەی سەرسەنگی هەیە و بڕی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بە هەردوو کێڵگەکە گەیشتبووە 63 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە، هاوکات لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ داهاتەکەی 6% زیاتر بووە بەراورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کە داهاتی 35 ملیۆن و 900 هەزار دۆلار بووە.
جۆری نەوتەکە و بەکارهێنانی لە ناوخۆدا
جۆری نەوتی خاوی کێڵگەی ئەتروش و سەرسەنگ، نەوتێکی سووکە و بەشی زۆری نەوتە خاوەکە لە چوارچێوەی 50 هەزار بەرمیل نەوتی گلدراو بۆ بەرهەمە نەوتییەکان دەکرایە بەنزین و گازوایل و نەوتی سپی.
کۆمپانیاکانی دیکەی کەرتی نەوت
ئەمە لەکاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەریەک لە کۆمپانیاکانی HKN و بەشێکی دیکە لە کۆمپانیا بیانییەکانی دیکە بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە بەرهەمهێنانیان ڕاگرتووە یاخود سنووردار کردووە.
7 کاتژمێر پێش ئێستا