نەتەوە یەکگرتووەکان: لە کەناراوەکانی مۆریتانیا 144 کەس لە بەلەمەکانی کۆچبەراندا بوونەتە قوربانی
ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند لە کەناراوەکانی مۆریتانیا 144 کەس لە بەلەمەکانی کۆچبەراندا بوونەتە قوربانی.
لە کاتی گرتنەبەری ڕێگەی دەریایی بەرە و ئەوروپا
ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR) ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو لە کەناراوەکانی مۆریتانیا 144 کەس گیانیان لەدەستدا یاخود بێسەروشوێن بوون، ئەمەش پاش ئەوەی ژمارەیەک لە کۆچبەران بەمەبەستی گەیشتنیان بە ئەوروپا ڕێگەی دەریایی ڕۆژئاوای ئەفریقایان گرتەبەر.
لە ماوەی چوار ڕۆژدا سێ ئۆپراسیۆن بۆ ڕزگارکردنی کۆچبەران ئەنجامدراوە
دەزگاکە ئاماژەی بەوەشکرد، بە گشتی سێ ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردن و هێنانەخوارەوەی کۆچبەرانیان لە بەلەمەکان لە نێوان 14 بۆ 18ی تەمموز لە شاری نوادیبو لە مۆریتانیا ئەنجامداوەو 387 کەس لە نەتەوە جیاوازەکان بە سەلامەتی گەیاندووەتە سەر وشکانی.
گیانلەدەستدانی 143 سەرنشینی بەلەمێک کە لە زامبیاوە بەڕێکەوتبوو
ڕوونیشیکردەوە، بەلەمێک کە لە ناوچەی "بوفالۆ" لە گامبیاوە بە مەبەستی گەیشتن بە ئیسپانیا بەڕێکەوتبوو تەنیا 38 کەس لە سەرنشینانی بەلەمەکە بە سەلامەتی ڕزگارکراون کە لە نێویاندا دوو منداڵ هەن کە لەم گەشتەدا تەواوی ئەندامانی خێزانەکەیان لەدەستداوە دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی 25 ڕۆژ لە ناو دەریادا ونببوون و 143 کەس لە سەرنشینانی هەمان بەلەم گیانیان لەدەستداوە یان بێسەروشوێن بوون.
قوربانیانی ڕێگای کۆچ لەوە زیاترە کە ڕادەگەیێنرێت
ساڵانە زیاتر لە 1200 کەس لەم ڕێگە دەریاییەدا کە لە مۆریتانیاو سەنیگالەوە بەرەو ئەوروپا کۆچ دەکەن گیانلەدەست دەدەن یاخوود بێسەروشوێن دەبن، ڕێکخراوە مرۆییەکان NGOs ئاماژە بەوە دەکەن ئامارە فەرمییەکان لەوە زیاترن چونکە زۆرێک لە بەلەمەکان بە تەواوی لەناو دەریادا تێکدەشکێن و شوێنەواریان نامێنێت.
ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە کە مانگی ئاب لە هەمان شوێن نزیکەی 70 کەس گیانیان لەدەستداو نزیکەی 100 کەسیش بێسەروشوێن بوون.
کوژران یان بێسەروشوێن بوون
ماتیۆ سالتمارش، وتەبێژی UNHCR لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئەو پەنابەرانە و کۆچبەرانە دوای هەوڵدان بۆ گەشتە مەترسیدارەکەی دەریایی لە ڕۆژئاوای ئەفریقاوە بەرەو ئەوروپا، کوژراون یان بێسەروشوێن بوون، ئەمەش تیشک دەخاتە سەر بەردەوامی تێچووی مرۆیی ئەم ڕێگا مەترسیدارانە".
ڕێگای ئەتڵەسی بەرەو دوورگەکانی کەناری مەترسیدارترین ڕێڕەوی جوڵەی کۆچبەران
سەرەڕای هەوڵەکانی ڕزگارکردن، "رێگای ئەتڵەسی لە ڕۆژئاوای ئەفریقاوە بەرەو دوورگەکانی کەناری وەک یەکێک لە کوشندەترین ڕێڕەوی جوڵەی تێکەڵاوی جیهان دەمێنێتەوە بەهۆی مەودای دوور، بارودۆخی پێشبینینەکراوی زەریاکان، بەلەمی قەرەباڵغی ناشایستە دەریایی و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە ڕزگارکردنی لە کاتی خۆیدا".
تا ئێستا لە ساڵی 2026دا ڕێکخراوی UNHCR ڕایگەیاندووە کە 17 حاڵەتی دابەزین لە کەشتییەکە لە نوادیبو و نواکشۆت تۆمارکراوە و بە گشتی 2147 کەس ڕزگارکراون.
7 کاتژمێر پێش ئێستا