کەناڵ8 ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکانی عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کورتهێنانی بودجەی 2027 بڵاودەکاتەوە

یاد نەوزاد 4 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

پەرلەمانی عێراق زنجیرەیەک پڕۆژەیاسا ئامادە دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی نەختینە و داڕمانی هەناردەی نەوت، کە تێیدا پەنا بۆ کەمکردنەوەی میلاکی فەرمانبەران و فرۆشتنی موڵکەکانی دەوڵەت دەبرێت.

دەسەڵاتی وەرگرتنی قەرزی دەرەکی

بەپێی ڕەشنووسی پڕۆژەیاساکان کە دەست کەناڵ8 کەوتووە، حکومەتی فیدراڵی دەیەوێت لە ڕێگەی قەرزی دەرەکییەوە کورتهێنانی بودجە کەم بکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، وەزیری دارایی دەسەڵاتی وەرگرتنی قەرزی تاوەکو 2 ملیار دیناری هەیە، ئەنجوومەنی وەزیرانیش دەتوانێت ڕەزامەندی لەسەر قەرز تاوەکو 5 ملیار دینار بدات. ئەگەر بڕی قەرزەکە لە 5 ملیار دینار زیاتر بوو، پێویستە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بۆ وەربگیرێت.

ئاماری قەرزە دەرەکییەکانی عێراق

قەرزی دەرەکیی عێراق لە ساڵی 2003دا 125 ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە ساڵی 2025دا بۆ 14 ملیار دۆلار دابەزیوە. لە ئێستاشدا قەرزە دەرەکییە نەدراوەکان تەنیا 13 ملیار دۆلارن. هاوکات بڕی 45 ملیار دۆلار وەک "قەرزی پیس" یان ناکۆکییەکان هەژمار دەکرێت، کە پەیوەندییان بە هاوکاریی وڵاتانی کەنداوەوە هەیە بۆ عێراق لە کاتی شەڕی دژی ئێران (1980-1988).

فرۆشتنی زەوییەکانی دەوڵەت بە هاووڵاتییان

یەکێکی دیکە لە ڕێکارەکان بۆ زیادکردنی نەختینە، فرۆشتن و گواستنەوەی خاوەندارێتی زەوییەکانی حکومەتە بۆ هاووڵاتییان. بەپێی پڕۆژەیاساکە، کڕیاران دەبێت لە سەرەتادا 50%ـی بەهای زەوییەکە بدەنە دەوڵەت و دوای تەواوکردنی هەموو بڕە پارەکە، خاوەندارێتییەکەیان بۆ دەگوازرێتەوە. ئامانج لەم هەنگاوە کۆکردنەوەی داهاتی خێرا و پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی ساڵی 2027ـە.

کەمکردنەوەی میلاکی فەرمانبەران و مۆڵەتی پێنج ساڵە

حکومەت دەیەوێت لە ڕێگەی پێدانی مۆڵەتی بێ مووچەی 5 ساڵە، قورسایی سەر بودجەی گشتی کەم بکاتەوە. بەپێی ئەم پڕۆژەیە، کارئاسانی بۆ فەرمانبەران دەکرێت لە کەرتی تایبەتدا کار بکەن و ساڵانی مۆڵەتەکەشیان بۆ خانەنشینی بۆ هەژمار بکرێت. لە ئێستادا عێراق زیاتر لە 6 ملیۆن فەرمانبەری هەیە و بە کۆی گشتی 9 ملیۆن کەس مووچە و دەرماڵە لە دەوڵەت وەردەگرن، کە تێچووەکەی 45%ـی کۆی خەرجییەکانی بودجە پێکدەهێنێت.

داڕمانی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت

بەپێی خەمڵاندنە ئابوورییەکان، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ساڵی 2027دا بە ڕێژەی 70% کەمیکردووە. ئاستی بەرهەمهێنان لە 4.25 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ 1.5 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە. هەروەها هەناردەی نەوتیش لە 3.2 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ کەمتر لە 1 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی کشانەوەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و داخستنی گەرووی هورمزەوە.

تەکنیکەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنان

حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق چەندین ڕێگەیان بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنان گرتووەتە بەر، لەوانە: دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ زیادکردنی داهاتی دیناری لە فرۆشتنی نەوت. هەروەها درەنگ پەسەندکردنی بودجە لە مانگەکانی حوزەیران و تەممووزدا، کە دەبێتە هۆی ئەوەی تەنیا 50%ـی بودجەی تەرخانکراو خەرج بکرێت.

یاد نەوزاد

4 کاتژمێر پێش ئێستا