لیترێک بەنزین کەمتر لە 200 دیناری تێدەچێت؛ مەتەڵی ئەو نەوتە بەلاشەی دەدرێتە کار و لاناز و بە گران دەفرۆشرێتەوە

کەناڵ8 3 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی پاڵاوگەی کار و پاڵاوگەی لاناز
لۆگۆی پاڵاوگەی کار و پاڵاوگەی لاناز

سەرەڕای ئەوەی حکومەتی کاربەڕێكەر ڕۆژانە نەوتی بێبەرامبەر دەداتە پاڵاوگەکان، بەڵام بەنزین بە چەند هێندەی تێچووی ڕاستەقینەی خۆی بە هاونیشتمانییان دەفرۆشرێتەوە و داهاتەکەشی بۆ گەنجینەی دەوڵەت ناگەڕێتەوە.

دابینکردنی 50,000 بەرمیل نەوتی بێبەرامبەر

حکومەتی کاربەڕێكەری هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 50,000 بەرمیل نەوتی خاو بەبێ بەرامبەر دەداتە پاڵاوگەکانی "کار" و "لاناز". ئامانج لەم کارە دابینکردنی پێداویستی ناوخۆیە بۆ بەنزین، نەوت و گاز. بەپێی ستانداردەکان، هەر بەرمیلێک نەوت 159 لیترە و نیوەی دەبێتە بەنزین؛ ئەمەش واتە ڕۆژانە لە نێوان 2 بۆ 3.5 ملیۆن لیتر بەنزین لەو بڕە نەوتە بەرهەمدێت، کە نزیکەی نیوەی پێداویستی ڕۆژانەی ناوخۆ (5 بۆ 6 ملیۆن لیتر) دادەپۆشێت.

تێچووی ڕاستەقینەی بەنزین و نرخی فرۆشتن

بەگوێرەی ستانداردی پاڵاوگەکان، تێچووی پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک نەوت لە نێوان 4 بۆ 7 دۆلاردایە. ئەگەر نەوتەکە بە بێبەرامبەر بدرێتە پاڵاوگەکان، ئەوا تێچووی 70 لیتر بەنزین تەنیا 10,500 دینارە. ئەمە واتە لیترێک بەنزین کەمتر لە 200 دیناری تێدەچێت، بەڵام حکومەت بەناوی "پاڵپشتیکراو" هەر لیترێکی بە 750 دینار دەداتە شۆفێران، کە چەند هێندەی تێچووی ڕاستەقینەی خۆیەتی.

بەراورد لە نێوان هەرێم و بەغداد

هەردوو پاڵاوگەی کار و لاناز، نەوتی خاو بۆ حکومەتی عێراقیش دەپاڵێون بە تێچووی 7 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. چونکە لە بەغداد نەوتەکە هی دەوڵەتە، بەنزینەکە بە 450 دینار دەدرێتە هاونیشتمانییان. بەڵام لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی نەوتەکە هی ناوخۆیە و تێچووی دەرهێنانەکەشی لەلایەن بەغداوە دەدرێت، نرخەکەی زۆر گرانترە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

کۆنترۆڵی بازاڕ و نەبوونی شەفافیەت لە داهات

پاڵاوگەکانی کار و لاناز کۆنترۆڵی تەواوی بازاڕی بەنزینی بازرگانییان کردووە و بە ئارەزووی خۆیان نرخ دیاری دەکەن. پرسیارێکی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو پاڵاوگانە جگە لەو 50,000 بەرمیلە، نەوتی خاوی دیکە لە کوێ دەهێنن بۆ بەنزینی بازرگانی؟ تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی ڕوونی نەکردووەتەوە کە چ بڕە پارەیەک لە فرۆشتنی ئەو نەوت و بەنزینە بۆ گەنجینەی حکومەت دەگەڕێتەوە.

بارگرانی دارایی لەسەر شۆفێران

لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان وڵاتێکی خاوەن نەوتە، بەڵام نرخی سووتەمەنی تێیدا لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان و تەنانەت ئەو وڵاتانەشی نەوتیان نییە، گرانترە. ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ شۆفێران دروست کردووە، چونکە ئەو بەنزینەی بە ناوی "پاڵپشتیکراو" دەفرۆشرێت، لە ڕاستیدا بە نرخێکی بازرگانی زۆر بەرز دەگاتە دەستی هاوڵاتییان.

کەناڵ8

3 کاتژمێر پێش ئێستا