زانیاریی کەناڵ8: مانگی داهاتوو یاسای چوارچێوە بۆ پرۆسەی ئاشتی پەسەند دەکرێت

عەدنان ئەحمەد 3 کاتژمێر پێش ئێستا
کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی تورکیا
کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی تورکیا

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ8، پەرلەمانی تورکیا لەپێناو تێپەڕاندنی چەند پڕۆژەیاسایەکی چارەنووسساز و لەسەرووشیانەوە یاسای تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی، پشووی وەرزیی خۆی دواخستووە و بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئابی داهاتوودا، بۆ پەسەندکردنی ئەو یاسایە و گەیشتن بە سازانی کۆتایی لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا کۆببێتەوە.

دواکەوتنی پشووی وەرزیی پەرلەمان

پشووی پەرلەمانی تورکیا کە بڕیار بوو 24ی ئەم مانگە دەست پێ بکات، چەند ڕۆژێکی دیکە دواخرا؛ ئامانج لەو دواخستنەش، تێپەڕاندنی چەند پڕۆژەیاسایەکە کە هێشتا کارەکانیان تەواو نەبووە.

کۆبوونەوەی تایبەت لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری کەناڵ8 لە ئەنقەرە دەستی کەوتووە، پەرلەمانی تورکیا لە ناوەڕاستی مانگی ئاب بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی کۆدەبێتەوە.

تەمومژی دەقی پڕۆژەیاساکە لای لایەنەکان

تاوەکو ئێستا پارتەکان لەبارەی دەقی پڕۆژەیاسای پڕۆسەی ئاشتی نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی، کە بە یاسای چوارچێوە ناسراوە و دەقی پڕۆژەکەش بە پارتە سیاسییەکان نەگەیشتووە.

بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ سازانی سیاسی

کۆبوونەوەکانی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ گەیشتنە سازان لەگەڵ پارتە سیاسییەکان بەردەوامە؛ سەرەڕای ئەوەی بەشی زۆری ناکۆکییەکان بەردەوامن، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا نزیکبوونەوەی زیاتر بێتە ئاراوە.

عەدنان ئەحمەد

3 کاتژمێر پێش ئێستا