10 جۆر پشکنین بۆ یەک لیتر بەنزین؛ وردەکاریی چاودێریی بەنزینخانەکانی سلێمانی
تیمەکانی پشکنینی سووتەمەنی لە سلێمانی چاودێرییەکی وردی بازاڕ دەکەن و دڵنیایی دەدەنە هاونیشتمانییان کە ڕێگری لە فرۆشتنی هەر جۆرە بەنزینێک دەکەن کە لە پشکنینە تاقیگەییەکاندا دەرنەچێت.
خشتەی پشکنین و گەڕانی تیمەکان لە ناوەند و قەزاکان
بەهمەن تۆفیق، بەڕێوەبەری تاقیگەی جۆری بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، ڕایگەیاند، لە هەفتەیەکدا 5 ڕۆژ پشکنین بۆ جۆری ئەو نەوت و بەنزینە دەکەن کە لە بەنزینخانەکان دابەش دەکرێت. تیمەکان 3 ڕۆژ لە ناو سەنتەری پارێزگا و 2 ڕۆژ لە شارۆچکە و شارەدێیەکانن، پشکنینەکانیش هەم بۆ تەنکەرەکان و هەم بۆ ناو خەزانەکانی بەنزینخانەکان ئەنجام دەدرێن.
ئەنجامدانی 10 جۆر پشکنین بۆ هەر جۆرە بەنزینێک
لەبارەى وردکاریی پشکنینەکان، بەڕێوەبەری تاقیگەی جۆری ئاماژەی بەوە کرد، بۆ هەر جۆرە بەنزینێک 9 بۆ 10 جۆر پشکنینی جیاواز دەکرێت. ئەم پشکنینانە بەنزینی پاڵپشتیکراویش (حکومی) دەگرێتەوە کە دەوترێت کوالێتییەکەی خراپە. ئەگەر بەنزینەکە بەگوێرەی کوالێتیی داواکراو نەبێت، ناهێڵدرێت دابەش بکرێت و دەبێت بگۆڕدرێت.
سزای بەنزینخانە سەرپێچیکارەکان؛ لە پێبژاردنەوە بۆ داخستن
لیژنەی قایمقامییەتی سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و کتوپڕ سەردانی بەنزینخانەکان دەکەن و نموونەی بەنزین بۆ پشکنین وەردەگرن. هەر بەنزینخانەیەک پابەندی مەرجەکان نەبێت، ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە کە سزاکان لە پێبژاردنی داراییەوە دەستپێدەکات و تاوەکو داخستنی بەنزینخانەکە دەڕوات.
تۆمارکردنی سکاڵا لە لایەن هاونیشتمانییانەوە
بەڕێوەبەری تاقیگەی نەوت و کانزاکان ڕوونیکردەوە، جگە لە کارە بەردەوامەکانی تیمەکانیان، هاونیشتمانییانیش دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە چاودێریکردندا. هەر هاونیشتمانییەک گلەیی لە کوالێتیی بەنزینی هەر بەنزینخانەیەک هەبێت، دەتوانێت لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی بەدواداچوونی وردی بۆ بکەن و ڕێکاری پێویست بگرنە بەر.
2 کاتژمێر پێش ئێستا