میدیای تورکیا: هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسای پڕۆسەی ئاشتی دەگاتە پەرلەمان؛ ئۆجەلان چى بە شاندى ئیمراڵى گوتووە ؟

عەدنان ئەحمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە
عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکە

بەگوێرەی میدیای تورکیا، هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاسای پڕۆسەی ئاشتی دەگاتە پەرلەمانی تورکیا و سەرجەم داواکارییەکانی پارتی دەم و پەکەکەش لەبارەی پڕۆژەیاساکە ڕەتکراونەتەوە. بە دەرچوونی یاساکەش، دەرگای ئازادبوون بۆ چوار هەزار کەس دەکرێتەوە.

پڕۆژەیاساکە ئامادەیە بچێتە پەرلەمان

ڕۆژنامەی تورکیا، بڵاویکردووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت ئاکپارتی سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پڕۆژەیاسای تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتی کە بە یاسای چوارچێوە ناسراوە، پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بکات.

پێگەى ئۆجەلان لەناو پڕۆژە یاساکە

ئامانجی ئاکپارتی و پارتی دەم ئەوەیە، تاوەکو ناوەڕاستی ئاب، پڕۆژەیاساکە پەسەند بکرێت و بکرێتە یاسا.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، پارتی دەم و پەکەکە لەبارەی پڕۆژەیاساکە چەند داواکارییەکیان خستەڕوو لەوانەش؛ پێدانی پێگەی یاسایی بە ئۆجەلان، پۆلێننەکردنی ئەندامانی پەکەکە لەسەر بنەمای تاوانبار و بێتاوان، سودوەرگرتنی سەرکردەکانی پەکەکە لە یاساکە و مامەڵەنەکردن لەگەڵ ئەوانەی دەگەڕێنەوە لەسەر بنەمای پەشیمانبوونەوە.

ڕەتکردنەوەى داواکارییەکان

بە گوێرەی ڕۆژنامەکە، سەرجەم ئەو داواکارییانە ڕەتکراونەتەوە و لە پڕۆژەیاساکەدا نین. نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بە بەرپرسانی پارتی دەمی گوتووە، هەموو بابەتێک لە یەک کاتدا جێبەجێنابێت و دەکرێت لە قۆناغی دواتردا گفتوگۆ لە بارەی ئەو بابەتانە بکرێت.

ئۆجەلان لە ژوورە تاکە کەسییەکەى بۆ نووسینگەى کارکردن

وەک ڕۆژنامەکە باسی کردووە، ئاکپارتی لەبارەى ئۆجەلان گوتوویەتی، دەکرێت ئۆجەلان لە ژووری زیندانەکەیەوە بچێتە نووسینگەی کارکردنی لە ئیمراڵی، جگە لە شاندی ئیمراڵی کەسی دیکە سەردانی بکەن و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکە ئاسان بکرێت.

ئۆجەلان چى بە شاندەکە گوتووە؟

لەبارەی بۆچوونی ئۆجەلانیش ڕۆژنامەکە دەڵێت، ئۆجەلان بە شاندی ئیمراڵی گوتووە، ئەگەر کەموکوڕییەکیش هەبێت، دەرکردنی یاساکە گرنگە.

زیندانییانى دۆسییەى پەکەکە

لە بارەى ئەو کەسانەشی لەسەر دۆسیەی پەکەکە لە زینداندانن، ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات، بەگوێرەی یاساکە، ئەو کەسانەی بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کردەی چەکداریی سزادراون، تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکەیان لەسەر نامێنێت، بەڵام سزاکەی خۆیان وەردەگرن.

ئەوانەشی بە تەنیا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەکەکە لە زینداندان و زیاتر لە چوار هەزار کەسن، تۆمەتەکەیان لەسەر نامێنێت و دەرگای ئازادبوونیان بۆ دەکرێتەوە.

عەدنان ئەحمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا