ئامادەبن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان؛ پەیامی نوێی ئەمریکا بۆ هاووڵاتیانی لە عێراق

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لۆگۆی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد
لۆگۆی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد

باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق هۆشدارییەکی ئەمنی جیهانی بڵاوکردەوە و داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "ئەوپەڕی وریایی" بنوێنن.

  • هۆشداری لە پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکان

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-07-2026 بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە دۆخی ئەمنی ناوچەکە ئەگەری پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراوی لێدەکرێت. داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کراوە ئامادەبن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان، داخستنی کاتیی کایەی ئاسمانی و درووستبوونی ئاستەنگ لە جووڵەی فڕۆکەخانەکاندا، چونکە چەندین کۆمپانیای فڕۆکەوانی گەشتەکانیان دواخستووە یان ڕێڕەوەکانیان گۆڕیوە.

کردنە ئامانجی بنکە دیپلۆماسییەکان

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بنکە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا تەنانەت لە دەرەوەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کراونەتە ئامانج. باڵیۆزخانەکە هۆشداری دەدات کە ئەگەری هەیە ئێران و گرووپە لایەنگرەکانی، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە هاووڵاتییانی ئەمریکییەوە هەیە لە سەرتاسەری جیهاندا بکەنە ئامانج، بۆیە پێویستە ئاستی وریایی لە بەرزترین ئاستدا بێت.

پێداچوونەوە بە بڕیاری گەشتکردن

باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوا لەو هاووڵاتییانە دەکات کە لە دەرەوەی ناوچەکەن، پێداچوونەوە بە بڕیاری گەشتکردن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان تێپەڕبوون بە کایەی ئاسمانی ناوچەکەدا بکەن. هەروەها ڕێنمایی گەشتیاران کراوە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییەوە بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامیی خشتەی گەشتەکانیان و هەر گۆڕانکارییەک کە بەسەریاندا هاتووە.

پاشخانی ململانێ سەربازییەکان

ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە ماوەی 12 شەو بەبەردەوامی هێزەکانی ئەمریکا هێرش دەکەنە سەر ناوچە جیاوازەکانی ناوخۆی ئێران. لە بەرامبەردا، ئێران وەک وەڵامدانەوە دەستی بە بۆردوومانکردنی بەشێک لە وڵاتانی ناوچەی کەنداو کردووە. ئەم دۆخە سەربازییە وایکردووە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکان گەشتەکانیان بۆ ئەو ناوچانەی کە دەبنە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوە ڕابگرن یان دوایبخەن.

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا