لێکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئێران؛ تێچووی جەنگەکە 2 تریلیۆن دۆلار تێدەپەڕێنێت
فراوانبوونی جەنگی نێوان واشنتن و تاران هەڕەشە لە سەقامگیریی ئابووریی جیهانی دەکات و تێچووەکەی گەیشتووەتە 1 تریلیۆن دۆلار. داخستنی گەرووی هوورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، وڵاتانی کەنداو و عێراقی ڕووبەڕووی زیانی گەورە کردووەتەوە و جیهانی بەرەو قەیرانێکی وزەی بێوێنە بردووە.
مەترسییەکانی ململانێی سەربازی لەسەر هاوپەیمانانی هەردوولا
لەگەڵ فراوانبوونی جەنگی ئەمریکا و ئێران، نیگەرانییەکان سەبارەت بە کاریگەرییەکانی ململانێکان لەسەر ئابووریی جیهانی و هاوپەیمانانی هەردوولا زیاتر دەبن.
هەڵکشانی تێچووی جەنگ و مەترسیی داڕمانی ئابووریی جیهان
پسوڵەی ئەم جەنگە لە 1 تریلیۆن دۆلار زیاترە و پێشبینییە مەترسیدارەکان دەریانخستووە تاوەکو کۆتایی ساڵ ڕەنگە بگاتە 2 تریلیۆن دۆلار، بەو هۆیەوەش ئابووریی جیهانی لە لێواری داڕمانێکی گەورەدایە.
پێشبینییەکانی بانکی نێودەوڵەتی و پرسی ئازادیی کەشتیوانی
ئەم نیگەرانییانە بەهۆی زیادبوونی هۆشداریی ئابوورییەوە زیاتر دەبن، بانکی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت، گەشەی ئابووریی جیهانی بۆ 1.3% دابەزێت، لەکاتێکدا واشنتن پابەندبوونی خۆی بە ئازادیی کەشتیوانی دووپات دەکاتەوە، تاران بەردەوامە لە ڕێگرییەکانی لە گەرووی هوورمز.
زیانە مرۆیی و داراییەکانی کەرتی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەهۆی هێرشکردنە سەر 80 دامەزراوەی وزە، زیانەکان 250 ملیار دۆلاریان تێپەڕاندووە و 4 ملیۆن هەلی کار لەدەستچووە.
فاکتەرە یەکلاکەرەوەکانی چارەنووسی ململانێی واشنتن و تاران
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "زە ئیکۆنۆمیست"ی ئەمریکی، ڕێڕەوی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئێستادا پەیوەستە بە دوو هۆکاری سەرەکییەوە، یەکەمیان لێکدانەوەی سیاسیی ئەمریکا بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی نوێکردنەوەی نیوەی کۆنگرێس، هەروەها توانای هەردوولا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە کۆتایی بە پەرەسەندنەکە بهێنێت.
هەڕەشەکانی داخرانی گەرووی هوورمز و زیانەکانی عێراق
ترسی وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی کەنداو و ئاسیا کە کڕیار و فرۆشیاری نەوتن و گەرووی هوورمزیش ڕێڕەوی سەرەکیی هەناردە و هاوردەی نەوتیانە، لە درێژەکێشانی جەنگەکەیە، چونکە لەگەڵ هەر ڕۆژێک لە درێژبوونەوەی جەنگەکە، زیانە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتانەش زیاتر کەڵەکە دەبێت، یەکێک لەو وڵاتانەش عێراقە، کە بەهۆی جەنگەکە و داخرانی گەرووی هوورمزەوە، مانگانە زیاتر لە 6 ملیار دۆلار زیان دەکات، ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی عەلی زەیدی بردووەتە واشنتن و تاران.
قەیرانی وزە لە ئەورووپا و لێکەوتە سیاسییەکانی نرخی نەوت
نرخی نەوت ئێستا نزیکبووەتەوە لە 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، فشارە ئابوورییەکان لەسەر ئیدارەی ئەمریکا ئەوە دەگەیەنێت کە نرخی وزە دەبێتە بارگرانییەکی گەورەی سیاسی و ئابووری بۆ ئەمریکییەکان و لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ نزیکبوونەوەی زستان، ئەورووپا ڕووبەڕووی ئاستەنگێک دەبێتەوە سەبارەت بە ئاستی کۆگاکانی گاز و نەوت، ئەمەش خواست لەسەر وزە و نرخەکان بەرزتر دەکاتەوە بەرامبەر بە هەر پچڕانێکی نوێی دابینکردن.
2 کاتژمێر پێش ئێستا