سێنتکۆم بۆ 13ـەمین شەو لەسەر یەک هێرشی کردە سەر ئێران
فەرماندەیى ناوەندى هێزەکانى ئەمریکا سێنتکۆم بۆ 13ـەمین شەو لەسەر یەک هێرشی کردە سەر ئێران و ڕاشیگەیاندووە، لە هێرشەکانیاندا بنکەی فەرماندەیی سەربازیی ئێران و کۆگاکانی هەڵگرتنی درۆن و خاڵەکانی چاودێری کەناراوەکانیان کردووەتە ئامانج.
هێرشەکانى ئەمریکا بۆسەر ئێران
سێنتکۆم لە ڕاگەیێنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، هێزەکانی فەرماندەیى ناوەندى ئەمریکا سێنتکۆم بە سەرکەوتوویی بۆ 13ـەمین شەو لەسەر یەک هێرشیان لە دژی ئێران ئەنجامداوە.
سێنتکۆم ڕاشیگەیاندووە، ئێستا زیاتر لە 50 هەزار سەربازی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ئەرکدان و لە ئامادەباشیدان بۆ هەر ئەرکێک کە پێیان دەدرێت.
ئامانجەکانى ئێران لەژێر بۆردوومانى ئەمریکا
لە هێرشەکانی سێنتکۆم-دا، بنکەی فەرماندەیی سەربازیی ئێران، کۆگاکانی هەڵگرتنی درۆن، تۆڕی پەیوەندییەکان و خاڵەکانی چاودێری کەناراوەکان و توانستی دەریایی کردووەتە ئامانج.
گەرووى هوورمز کراوەیە
جەختیشیکراوەتەوە، سەرەڕای هێرشەکانی ئەمدواییەی سوپای پاسداران، بەڵام گەرووی هوورمز کراوەیە لەبەردەم هاتوچۆی دەریاوانی و کەشتییەکان بە پاڵپشتی سەربازی ئەمریکا هاتوچۆ دەکەن.
ئەم مانگە، هێزەکانی ئەمریکا بە دەیان بنکەی سەربازی ئێرانییان کردووەتە ئامانج و گەمارۆ دەریایەکانیشیان بەردەوامە و لەو ماوەیەدا، سێنتکۆم نۆ کەشتی بازرگانی گەڕاندووەتەوە و کەشتییەکیشی لە کارخستووە تاوەکو ڕێگە لە ڕۆشتن و هاتنی کەشتییەکان لە بەندەرەکانی ئێران بگرێت.
3 کاتژمێر پێش ئێستا