ڕاپۆرتێکى نێودەوڵەتى: هەناردەى نەوتى عێراق بە ڕێژەى 85% دابەزیوە؛ 100 تریلیۆن دینار قەرزى ناوخۆ

رێبوار حەمەوەیس 1 کاتژمێر پێش ئێستا

بە گوێرەى ڕاپۆرتێکى نێودەوڵەتى، بەهۆى داخستنى گەرووى هوورمز هەناردەى نەوتى عێراق بە ڕێژەى 85% دابەزیوە و قەرزى ناوخۆییش 100 تریلیۆن دینارى تێپەڕاندووە، بانکى نێودەوڵەتیش پێشبینى کردووە لە ئەمساڵدا تێکڕاى بەرهەمى ناوخۆیی بە ڕێژەى 8.6% دووچارى داکشان ببێت.

داخستنەکە لە شۆکێکى کاتییەوە بۆ قەیران

ڕێکخراوى خۆراک و کشتوکاڵ (فاو)، بانکى نێودەوڵەتى و پرۆگرامى خۆراکى جیهانى (دەبلیو، ئێف، پى)، ڕاپۆرتێکى هاوبەشیان لەبارەى لێکەوتە ئابوورى، دارایی و خۆراکییەکانى داخستنى گەرووى هوورمز لەسەر عێراق بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەیان بەوەکردووە، دواى تێپەڕبوونى 100 ڕۆژ بەسەر داخستنەکەدا قەیرانەکە لە شۆکێکى کاتییەوە گۆڕدراوە بۆ قەیرانێک هەڕەشە لە سیستمى خۆراک و کشتوکاڵ و ئابووریی عێراق بە گشتى دەکات.

لێکەوتەکان لەسەر ئابوورى و گوزەران

بەجۆرێک لێکەوتەکانى لەسەر ئابوورى و گوزەران بەخێرایی لە زیادبووندان، تواناى خێزانەکان و پڕۆژەکانى بۆ خۆڕاگرتن لەبەرامبەر قەیرانەکە لاوازکردووەو 85%ـى پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان داهاتیان کەمبووەتەوە، هاوکات بەهۆى کەمبوونەوەى کرێ، زۆرێک لە خێزانەکان ناچاربوون پەنا ببەنە بەر ستراتیجى خۆگونجاندن.

مەترسیدارترین شۆکى دەرەکی

بە گوێرەى ڕاپۆرتەکە، ئابووریی عێراق ڕووبەڕووى فشارێکى توند بووەتەوە، کە بەیەکێک لە مەترسیدارترین شۆکە دەرەکییەکان لەم ساڵانەى دواییدا دادەنرێت.

دواى دوو ساڵ لە داکشانى تێکڕاى بەرهەمى ناوخۆیی، بە ڕێژەى 1.5% لە ساڵى 2024 و 0.7% لە ساڵى 2025، هاوکات ململانێ هەرێمییەکان و داخستنى گەرووى هوورمز، بوونەتە هۆى تێکدانى پێشبینییە ئابوورییە کورتمەوداکان.

پێشبینییەکانى بانکى نێودەوڵەتى

بانکى نێودەوڵەتى پێشبینى کردووە، تێکڕاى بەرهەمى ناوخۆیی عێراق لە ساڵى 2026 بە ڕێژەى 8.6% دووچارى داکشان ببێت، کە گەورەترین داکشانە کە لە دواى ساڵانێک، ئابووریی عێراق بەخۆیەوە دەبینێت.

لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینى دەکرێت لە ساڵى 2027 بە ڕێژەى 10.7 ڕوو لە بەرزبوونەوە بکات، بە مەرجێک هەناردەکردنى نەوت لە کۆتایی ساڵى 2026 بچێتەوە دۆخى ئاسایی.

داخستنى گەرووى هوورمز

بە گوێرەى ڕاپۆرتە هاوبەشەکەى فاو و خۆراکى جیهانى و بانکى نێودەوڵەتى، داخستنى گەرووى هوورمز بووەتە هۆى دابەزینى داهاتى نانەوتى عێراق لە 6.7 ملیار دۆلار لە شوباتى 2026 بۆ نزیکەى ملیارێک دۆلار لە ئایارى 2026، واتە بەرێژەى 85% داهاتى نەوتى عێراق دابەزیوە.

100 تریلیۆن دینار قەرزى ناوخۆ

هاوکات قەرزى ناوخۆیی 100 تریلیۆن دینارى تێپەڕاندووە و تێکڕاى بێکاریی بە ڕێژەى 30% بەرزبووەتەوە، ئەوەش وایکردووە توانا داراییەکانى حکومەت، لە پارەدارکردنى فۆڕمى خۆراک و پاڵپشتیی حکومى و مووچەى کەرتى گشتى بکەونە ژێر فشارێکى توندەوە.

پەنابردن بۆ بانکى ناوەندى

ئەوەشخراوەتەڕوو، بۆ بەرەنگاربوونەوەى هەرەسى بەرچاو لە داهاتى نەوت، حکومەت پەناى بردووەتەبەر پارەدارکردن لە بانکى ناوەندى بۆ دابینکردنى خەرجییە سەرەکییەکانى بەکاربردن، لەوانەش مووچەى کەرتى گشتى و مووچەى خانەنشینى و هاوکاریی کۆمەڵایەتى.

هەنگاو لەبەرامبەر چاکسازیی ڕاستەقینە

ڕاپۆرتەکە ئاماژەى بەوەشکردووە، سەرەڕاى ئاڵنگارییەکان، حکومەتى عێراق تاوەکو ئێستا پڕۆگرامێکى فراوانى چاکسازى دەستپێنەکردووە، بە ئامانجى فرەکردنى سەرچاوەکانى داهات، یاخود دووبارە داڕشتنەوەى پەیکەرى خەرجییە گشتییەکان، تاوەکو پشت بەستن بە نەوت لە داهاتوودا کەمبکاتەوە.

دەستکەوتەکانى کەمکردنەوەى هەژارى هەڕەشەیان لەسەرە

لە بارەى هەژارى و بێکارى، پێشبینى کراوە، شۆکە ئابوورییەکەى ئێستا دەستکەوتە بەدەستهاتووەکانى ئەم دواییە لە کەمکردنەوەى هەژارى لەبارببات، بەتایبەت لە پارێزگاکانى باشوور و ناوچە هەژارنشینەکان، کە هێشتا زۆرترین مەترسى نەمانى ئاسایشى خۆراکیان لەسەرە و وەک پێویست خزمەتگوزارییەکانیان پێناگات.

ئامارەکان لەسەر بازاڕى کارى عێراق

جگە لەوەش بازاڕى کارى عێراقى بەر لە قەیرانەکانیش فشەڵ بووە و تێکڕاى بێکارى 13% بووە لەسەر ئاستى نیشتمانى.

ژنان لەناو هاوکێشەى هێزى کاردا

بانکى نێودەودەڵەتیش ڕایگەیاندووە، هێشتا تێکڕاى بەشداریی لە هێزى کار لاوازە و 38% پێکدەهێنێت، هۆکارەکەشى بۆ سنووردارى بەشداریی ئابوورییانەى ژنان دەگەڕێتەوە.

شارەزایانى ئابووریی چى دەڵێن؟

لە لایەکى دیکەوە، مەزهەر محەممەد ساڵح ڕاوێژکارى ئابووریی سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایگەیاندووە، لە سەرەتاى سەرهەڵدانى جەنگ لە ناوچەکەدا 40 بۆ 45 ملیار دۆلار زیان بەر عێراق کەوتووە، لە دەرئەنجامى کەمبوونەوەى بەرچاوى هەناردەى نەوت و پەکخستنى پرۆژەکانى گەشەپێدان.

هەناردەى نەوتى عێراق بەر لە جەنگ

عێراق بەر لە جەنگ ڕۆژانە 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردەکردووە و ساڵانە داهاتەکەى 88 ملیار دۆلار بووە، بەڵام دواى 28ـى شوبات، قەبارەى هەناردەکردن بۆ کەمتر لە 10% لە ئاستى ئاسایی دابەزیوە.

بە گوتەى مەزهەر محەممەد ساڵح، عێراق مانگانە پێویستى بە نزیکەى هەشت تریلیۆن دینارە بۆ مووچە و خانەنشینى و تۆڕى کۆمەڵایەتى، لەگەڵ خەرجییەکانى کارەبا و فۆڕمى خۆراک  و دەرمان و قەرزى دەرەکى، بەرز دەبێتەوە بۆ 11 تریلیۆن دینار.

رێبوار حەمەوەیس

1 کاتژمێر پێش ئێستا