
باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغداد، هۆشدارییەکی نوێی ئەمنی ئاڕاستەی هاوڵاتییانی ئەمریکی لە عێراق کرد و داوا دەکات، وریابن و ئاستی چاودێری و ئامادەییان بەرز بکەنەوە، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە و ئەگەری ڕوودانی پێشهاتی ئەمنی چاوەڕواننەکراو.
باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغداد ڕاگەیێنراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە، دۆخی ئەمنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاڵۆزی ماوەتەوە، لەگەڵ ئەگەری پەرەسەندنی لەناکاوی دۆخەکە کە ڕەنگە ببێتە هۆی پەککەوتنی گەشتەکان، هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و داخستنی چەند بارەی کایەی ئاسمانی.
باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغداد لە ڕاگەیێنراوەکەدا ڕوونیدەکاتەوە، چەندین کۆمپانیای فڕۆکەوانی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیان دواخستووە یان هەڵیانوەشاندووەتەوە.
باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە بەغداد داوای لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەى لە عێراق کردووە، لەوپەڕی ئامادەباشیدابن، چاودێری میدیا ناوخۆییەکان بکەن و پابەندی ڕێنماییەکانی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بن.
ئاماژە بەوەش کراوە، ڕەنگە پەککەوتنی گەشتەکان یان داخستنی کایەی ئاسمانیی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە ڕووبدات.
لە ڕاگەیێنراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، نێردەی ئەمریکا لە عێراق بەردەوامە لە کارەکانی، لەگەڵ بەردەوامبوونی جێبەجێکردنی فەرمانی کشانەوەی ناچاری.
باڵیۆزخانەکە ئامۆژگاری هاوڵاتییانی ئەمریکاى کردووە، دووربکەونەوە لە شوێنى خۆپیشاندان و گردبوونەوە و ئەو ناوچانەی کە هێزە ئەمنییەکانی لێیە یان پۆلیسی تێدا بڵاوکراوەتەوە، هەروەها لەو شوێنانەی کە بە ئاشکرا پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە وریابن و لە کاتی پەککەوتنی گەشتەکانیان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانییەوە بکەن.
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیێنراوەکەدا، باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بنکە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا، لەوانەش بنکەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشتر کراونەتە ئامانج و هۆشداریدا لە ئەگەری بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە ئەمریکاوە هەیە لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا.
