وەزیری دادی تورکیا: پرۆژە یاسای چوارچێوە لە 15 خاڵە و هەفتەی داهاتوو دەگاتە پەرلەمان
ئاکن گورلەک، وەزیری دادی تورکیا ڕایگەیاند کە پڕۆژەیاسای "پرۆسەی چارەسەری" لە 15 ماددە پێکهاتووە و هەفتەی داهاتوو دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ دەنگدان. ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆژەکە تەنیا پەیوەستە بە ئەندامانی پەکەکە و هیچ بڕگەیەکی لێبووردنی گشتی تێدا نییە، هاوکات جەختی لە پێویستیی داڕشتنی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵات کردەوە.
قۆناغی هەستیاری پرۆسەی چارەسەری
ئاکن گورلەک لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی تەرەتە، باسی لە ژمارەیەک تەوەر لەنێویاندا یاسای پرۆسەی تورکیای بێتیرۆر و دەستووری نوێ کرد. گورلەک لەبارەی پرۆسەکەوە ئاماژەی بەوە کرد، گەیشتووەتە قۆناغێکی زۆر گرنگ و سەبارەت بە پڕۆژەیاساکەش گوتی: "تا ئەو شوێنەی ئاگاداربم ڕەشنووسەکە لە 15 ماددە پێکهاتووە".
وادەی پێشکەشکردنی پڕۆژەیاساکە بە پەرلەمان
سەبارەت بە وادەی پێشکەشکردنیشی بە پەرلەمان، گورلەک گوتی: "هەفتەی داهاتوو پڕۆژەیاساکە دێتە بەردەم لیژنەی داد و دواتریش دەبرێتە کۆبوونەوەی پەرلەمان بە مەبەستی دەنگدان لەسەری".
ڕۆڵی وەزارەتی داد لە داڕشتنی یاساکەدا
وەزیری دادی تورکیا باسی لەوە کرد، ئەوان وەک وەزارەت بەشدار نین لە پرۆسەکەدا، بەڵکو پەرلەمان بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکات. گوتیشی: "ئێمە وەک وەزارەتی داد، دەتوانین تەنیا لەڕووی تەکنیکییەوە لە قۆناغی داڕشتنی یاساکاندا پێشنیاز پێشکەش بکەین".
ڕەتکردنەوەی لێبووردنێکی گشتی
ئاکن گورلەک بە پێویستی زانی لە زووترین کاتدا پرۆسەکە تەواو بکرێت. سەبارەت بەوەشی ئایا یاسای پرۆسەکە هیچ جۆرە لێبووردنێک لەخۆدەگرێت، گوتی: "بە دڵنیاییەوە هیچ بڕگە و ماددەیەکی تایبەت بە لێبووردنی گشتی لە یاساکەدا بوونی نییە. ئەم پاکێجەی ئێستا تەنیا پەیوەستە بە ئەندامانی پەکەکە و هیچ بڕگەیەکی سەبارەت بە لێبووردنی گشتی و تایبەت تێدا نییە".
پێویستیی تورکیا بە دەستوورێکی نوێ
گورلەک لەبارەی دەستووری نوێشەوە گوتی: "باوەڕم وایە دوای پرۆسەی تورکیای بێتیرۆر پێویستمان بە دەستوورێکە کە تەواوی کۆمەڵگە لە ئامێز بگرێت و شوێنەوارەکانی سەردەمی سەربازی بە تەواوی بسڕێتەوە".
2 کاتژمێر پێش ئێستا