قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان؛ لە گرانی و کورتهێنانەوە بۆ مەترسیی سووتانی ئۆتۆمبێل
سەرەڕای بەڵێن و بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سووتەمەنی، قەیرانی بەنزین ڕەهەندێکی نوێی وەرگرتووە و لەپاڵ گرانی و نەمانیدا، خراپیی کوالیتییەکەی مەترسیی بۆ سەر شۆفێران دروست کردووە، هاوکات لە زۆربەی شارەکاندا جۆرە باشەکانی بەنزین نەماون و شۆفێران ناچارن پەنا بۆ سووتەمەنیی پاڵپشتیکراو ببەن.
بەنزین لە گرانبوونی نرخەوە بۆ خراپیی کوالیتی
قەیرانی بەنزین بە گرانییەوە نەوەستا، نەمان و خراپیشی هاتەسەر و سەرەڕای بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەبارەی بەنزینەوە، بەڵام ئەم چەند ڕۆژە نرخ و کوالیتیی بەنزین، باسوخواسی گەرمی ناو شۆفێران و سۆشیاڵ میدیایە.
ناکۆکیی نێوان بانگەشەکانی حکومەت و واقیعی بەنزینخانەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دابینکردنی سووتەمەنییەوە ڕایگەیاند کە بەنزینی پێویستی دابینکردووە، بەڵام بەزۆری وشەی "نییە" لە بەنزینخانەکان بەرچاو کەوت.
کوالیتییە خراپەکە؛ لە هەڵکردنی گڵۆپی بزوێنەرەوە بۆ سووتانی ئۆتۆمبێل
شۆفێران بە کەمبوونەوەی بەنزین شوکر بوون، کەچی خراپیی کوالیتی هاتەسەر. بەنزینە 750 و 850 دینارییەکە گڵۆپی بزوێنەری لە ژمارەیەک ئۆتۆمبێلد هەڵکرد. کێشەکەش تەنیا هەڵکردنی گڵۆپی بزوێنەر نەبوو و خراپیی کوالیتی بەنزین هەر بەوەشەوە نەوەستا، بەڵکو لە هەولێر بەنزینی خراپ ئۆتۆمبێلیشی سووتاند.
دیارنەمانی بەنزینی باش و دروستبوونی قەرەباڵغی لە وێستگەکان
بڕیارەکانی حکومەت جۆرەکانی موحەسەن و سوپەری لە زۆرینەی بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی زاخۆ و سۆران نەهێشتووە، شۆفێران بەناچاری نۆرە بۆ وەرگرتنی بەنزینە پاڵپشتیکراوەکە دەگرن.
هەناردەی نەوت و قەیرانی سووتەمەنی لە ناوخۆدا
ئەم سەرئێشەیەی بەنزین لە کاتێکدایە، ڕیزی دوورودرێژی تانکەرەکانی گواستنەوەی نەوتی خاو بۆ دەرەوە، ڕێگەی نێوان شارەکانیان قەرەباڵغ کردووە.
3 کاتژمێر پێش ئێستا