عەلی حەمەساڵح: قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دروستکراوی سیاسییە و بازرگانییەکی ڕەشی لە پشتە
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ڕایدەگەیەنێت، قەیرانی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان پرسێکی سیاسییە و بە مەبەستی بازرگانییەکی ڕەش دروستکراوە، ئاماژە بەوەش دەکات، کە وێڕای پاڵاوتنی بڕێکی زۆری نەوت لە ناوخۆدا، بەڵام بە ئەنقەست دابەشکردنی بەنزین ڕاگیراوە و نرخەکەی لەسەر هاووڵاتییان گران کراوە و لە هەولێر 3 ئۆتۆمبێل بەهۆی خراپیی کوالیتیی بەنزینەوە سوتاون.
ڕەهەندە سیاسییەکانی پشت قەیرانی سووتەمەنی
عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست، جەخت دەکاتەوە قەیرانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان قەیرانێکی دروستکراوی سیاسییە و بازرگانییەکی گەورەی ڕەش لەپشتیەتی.
مێژووی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و گۆڕانکارییەکانی ئێستا
عەلی حەمەساڵح لەبارەی مێژووی دابینکردنی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بوڵتنی هەواڵەکانی کەناڵ8، ڕوونیشیکردەوە پێشتریش هیچ جۆرە بەنزینێک بۆ هەرێمی کوردستان هاوردە نەکراوە، بەڵکو لە ناوخۆ بەرهەمهێنراوە و وەکو ئێستا قەیران نەبووە.
توانای پاڵاوتنی نەوت لە سنووری پارتی دیموکراتی کوردستان
عەلی حەمەساڵح لەبارەی قەبارەی کارکردنی پاڵاوگەکان ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوو پاڵاوگەی کار و لاناز کە لە سنووری پارتی دیموکراتی کوردستاندان، ڕۆژانە 90,000 بەرمیل نەوت دەپاڵێون.
هۆکارەکانی داخرانی بەنزینخانەکان و گرانبوونی نرخەکان
عەلی حەمەساڵح لەبارەی هۆکاری نەمانی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخەکەی گوتی: "بەنزینی ئەو دوو پاڵاوگەیە بووە کە دراوە بە بەنزینخانەکان، بەڵام لەپڕ ڕاگیراوە و ئێستاش بەشێکی زۆری بەنزینخانەکان بەهۆی نەمانی بەنزینەوە داخراون."
گرانکردنی نرخی بەنزین
عەلی حەمەساڵح لەبارەی گرانبوونی نرخی لیترێک بەنزین ڕایگەیاند، ئەو بەنزینەی پێشتر بە 750 دینار دەدرا بە شۆفێران، ئێستا بەشێکی زۆری نرخەکەی بەرزبووەتەوە و کراوە بە 850 دینار بۆ هەر لیترێک.
لە هەولێر 3 ئۆتۆمبێل بەهۆى خراپى کوالێتیى بەنزینەوە سووتاون
هاوکات عەلى حەمەساڵح هۆشداریدا لە خراپى کوالێتى ئەو بەنزینەى بە 850 دینارە و گوتى، "بەشێوەیەکى نایاسایى بەرهەمدەهێنرێت و دەبێتە هۆى تێکچوون و لەکارکەوتنى ئۆتۆمبێل". ڕاشیگەیاند، "شەممە لە شارى هەولێر سێ ئۆتۆمبێل بەهۆى خراپى کوالێتى بەنزینەوە سووتاون".
3 کاتژمێر پێش ئێستا