لە دهۆک خۆپیشاندان بۆ بەنزین کرا؛ شۆفێران شەقامی بارزانیان لە دهۆک داخست

کیژان مەحمود 3 کاتژمێر پێش ئێستا
لە دهۆک خۆپیشاندان بۆ بەنزین کرا و هێزی ئەمنی بەکارهێنرا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران
لە دهۆک خۆپیشاندان بۆ بەنزین کرا و هێزی ئەمنی بەکارهێنرا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران

کاردانەوەی گرانی و نەمانى بەنزین بەردەوامە، نیوەشەوى ڕابردوو بەشێک لە شۆفێرانی دهۆک لە کاتی خەو و پشوودا چوونە سەر شەقام و بۆ ماوەیەک شەقامی بارزانیان لە شاری دهۆک داخست.

دروستبوونی قەیرانی سووتەمەنی و نەمانى جۆرەکانی بەنزین

لە سەرەتای قەیرانی بەنزینەوە شۆفێرانی دهۆکیش گیرۆدە بوون، پێشتر لە نۆرەیەکی چەند کاتژمێریدا لە بەنزینخانەکان بۆ کڕینی بەنزینی 750 دینار و 850 دیناری دەوەستان، بەڵام دواتر نەک ئەوەش بەنزینی موحەسەن و سوپەریش نەمان.

هێزی ئەمنی بۆ بڵاوەپێکردنی شۆفێران بەکارهێنرا

بۆ ئەوەی دەنگیان بە لایەنی پەیوەندیدار بگات شەوی ڕابردوو بەشێک لە شۆفێران بە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە دەستیان بە ناڕەزایەتی دەربڕین کرد و هێزی ئەمنیش بۆ بڵاوەپێکردنیان جێگیرکرا.

سکاڵای شۆفێرێک لەبارەی دەستنەکەوتنی بەنزینەوە

شۆفێرێک لەبارەی دەستنەکەوتنی بەنزینەوە قسەی بۆ کەناڵ8 کرد و ئاماژەی بەوە کرد، بەنزین لە بەنزینخانەکان نەماوە و نازانن لەکوێ بەدەستیبهێنن.

داواکاریی شۆفێران لە حکومەت بۆ دابینکردنی سووتەمەنی

ئەو شۆفێرە لەبارەی گرانبوونی نرخەکەیەوە گوتیشی، "ئەگەر حکومەت هەر گرانی دەکات با گرانی بکات، بەڵام با بەنزینەکە هەبێت".

ترسی شۆفێرە ناڕازییەکان لە لێپێچینەوەی ئەمنی

بەشێک لە شۆفێرە ناڕازییەکان لە ترسی لێپێچینەوە خۆیان پاراست قسە بۆ کەناڵ8 بکەن.

بڕیارەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ دیاریکردنی نرخی بەنزینی نۆرماڵ

لە سەرەتای ئەم مانگەوە گرانیی نرخی هەموو جۆرەکانی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و 20ی تەمموزی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نرخی بەنزینی جۆری نۆرماڵی بازرگانی و حکومی دیاریکرد، کە بەنزینی نۆرماڵی حکومی لیترێک بە 750 دینار و بەنزینی بازرگانیی نۆرماڵ لیتری نابێت لە 850 دینار زیاتر بێت، بەڵام دواتر بەشێک لە بەنزینخانەکان ئامادەییان نەبوو بڕیارەکە جێبەجێبکەن و قەیرانەکە قووڵتر بوو.

دیاریکردنی نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەر و دەستنەکەوتنیان

وەک چارەسەرێکی دیکە لە 22ی تەمموزدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیارێکی دیکەی دا و لەبارەی نرخی سووتەمەنییەوە ڕایانگەیاند، نابێت لە بەنزینخانەکان بەنزینی موحەسەن لە 1 هەزار دینار و سوپەر لە 1 هەزار و 200 دینار زیاتر بێت، دوای ئەم بڕیارەش لە زۆرێک لە بەنزینخانەکانی سنووری هەولێر و دهۆک، ئەو جۆرە بەنزینانەش نەمان.

کیژان مەحمود

3 کاتژمێر پێش ئێستا