سێنتکۆم: 2 کەشتیمان لە گەرووی هورمز لەکارخستووە و 12 کەشتیشمان گەڕاندووەتەوە
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێرانی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە تاوەکو 25ی تەممووز ڕێگرییان لە تێپەڕبوونی 14 کەشتی کردووە، لەو ژمارەیەش دوو کەشتییان لەکار خستووە؛ ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو گەمارۆ دەریاییەدایە کە لەلایەن واشنتنەوە بەسەر تاراندا سەپێنراوە.
پشکنین و لەکارخستنی کەشتییە سەرپێچیکارەکان
دەستەی ڕاگەیاندنی سێنتکۆم بڵاویکردووەتەوە، 12 کەشتییان لە گەرووی هورمز ناچار بە گەڕاندنەوە کردووە کە هەوڵیانداوە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران تێپەڕێنن، هاوکات دوو کەشتییان لەکار خستووە کە پابەندی گەمارۆکە نەبوون، هێزەکانیشیان چوونەتە ناو دوو کەشتییەوە بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی بە تەواوی پابەندن یاخود نا.
چوونە سەر کەشتییەکە لە دەریای عەرەب
سێنتکۆم لەبارەی پشکنینی کەشتییەکان لە دەریای عەرەب گوتی، "هێزەکانی ئەمریکا چوونەتە سەر کەشتییەک لە دەریای عەرەبی کە ئاڵای کۆمۆرۆسی لەسەر بووە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونی بە گەمارۆکەوە".
ئۆپراسیۆنەکە لە کەنداوی عومان
فەرماندەیییەکە لەبارەی تێکشکاندنی کەشتییەکی دیکە لە کەنداوی عومان دەڵێت، ڕۆژی 24ی تەممووزیش، کەشتییەکیان لە کەنداوی عومان لەکار خستووە کە ئاڵای مۆزەمبیقی لەسەر بووە و هۆشدارییەکانی پشتگوێ خستووە.
ژمارەی هێز و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکانی پێشووی سێنتکۆم، زیاتر لە 50 هزار سەربازی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان، بەگوێرەی زانیارییەکانیش، 19 کەشتیی جەنگی چاودێریی جێبەجێکردنی گەمارۆی دەریایی دەکەن بەسەر ئێراندا و زۆرینەیان لە باکووری دەریای عەرەبیدا بڵاوەیان پێکراوە.
بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی ئێران
لە ڕۆژی 14ی ئەم مانگەوە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا سەپێنراوەتەوە و واشنتن لەڕێگەی هێزەکانییەوە ڕێگری لە هاتن و چوونی کەشتییەکان دەکات بۆ بەندەرەکانی ئێران.
60 خولەک پێش ئێستا