شەرع: خاوبوونەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ هەسەدە هەیە

شێوە عومەر 58 خولەک پێش ئێستا
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ میدیایەکی عەرەبی ڕایگەیاند، هەرچەندە خاوبوونەوەیەک لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات هەیە، بەڵام دیمەشق سوورە لەسەر جێبەجێکردن و سەرخستنی پرۆسەکە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا.

وەرچەرخانێکی سیاسیی گرنگ بوو بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتووی سووریا

ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئەحمەد شەرع، وەرچەرخانێکی سیاسیی گرنگ بوو بۆ ڕێکخستنەوەی داهاتووی سووریا، کە لە 10ـی ئاداری 2025، لەنێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، واژۆکرا.

گرنگترین خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە

ڕێککەوتنەکە چەند خاڵێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، کە گرنگترینیان بریتین لە، وەستاندنی شەڕ لەنێوان هەردوولا، تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بە دامەزراوەی بەرگریی سووریا و یەکخستنی کاروباری ئیداری.

باشتربوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق، لە چاوپێکەوتنەکەدا شەرع ئاماژەی بەوەکرد، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق بەردەوام لە باشتربووندایە، بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتە ڕوو.

کارکردن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل

لەبارەی گرژییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، شەرع گوتی، سووریا خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل بەدوور دەگرێت و باسی لەوە کرد، کار دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل بە بەشداریی چەندین وڵات، کە ڕێگەخۆشکەر دەبێت بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی گشتگیر.

شێوە عومەر

58 خولەک پێش ئێستا