
لە کاتێکدا بانکە ناوەندییەکانی جیهان بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان ڕوو لە کڕینی زێڕ دەکەن، مۆسکۆ یەدەگە زێڕەکەی بۆ دابینکردنی تێچووی جەنگ و ڕووبەڕووبوونەوەی سزاکان بەکاردەهێنێت.
سەرەڕای ناجێگیرییەکانی بازاڕ، بانکە ناوەندییەکانی جیهان بەردەوامن لە زیادکردنی یەدەگی زێڕەکانیان. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەنجوومەنی زێڕی جیهانی، تەنیا لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بانکە ناوەندییەکان نزیکەی 300 تۆن زێڕیان کڕیوە. ئەم هەنگاوە وەک ستراتیژییەک بۆ پاراستنی بەهای دراو و سەرمایە نیشتمانییەکان لە بەرامبەر گۆڕانکارییە ئابوورییەکان دەبینرێت.
ڕووسیا، کە بەهۆی جەنگی ئۆکرانیاوە لەژێر سزای توندی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپادایە، پێچەوانەی ڕەوتی جیهانی هەنگاو دەنێت. مۆسکۆ دەیەوێت لە ڕێگەی فرۆشتنی زێڕەوە ئەو کورتهێنانە داراییانە پڕ بکاتەوە کە بەهۆی سزاکانەوە دروستبوون. حکومەتی ڕووسیا فرۆشتنی ئەم کانزایە وەک ڕێگەیەک بۆ دابینکردنی بودجە و بەردەوامیدان بە پڕۆسە سەربازییەکانی بەکاردەهێنێت.
ڕووسیا سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری زێڕە لەسەر ئاستی جیهان و ساڵانە بە تێکڕا 300 تۆن زێڕ بەرهەم دەهێنێت. لە ماوەی 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، مۆسکۆ زیاتر لە 44 تۆن زێڕی لە خەزێنەکانی فرۆشتووە. داهاتی ئەم بڕە فرۆشراوە بە نزیکەی 6 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، کە تەواوی پارەکە بۆ خزمەتی سەربازی و تێچووەکانی جەنگ تەرخانکراوە.
بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاوا، زێڕی ڕووسیا ناتوانێت بە ئاسانی بگاتە بازاڕە جیهانییەکان و مۆسکۆ ناتوانێت بە ئاسانی دەستی بە داهاتەکەی بگات. بەهۆی ئەم ڕێگرییانەوە، بەشێکی زۆری ئەو زێڕەی حکومەت دەیفرۆشێت لە ناوخۆی وڵاتەکە و لە ڕێگەی بانکە ناوخۆییەکانەوە ساغ دەکرێتەوە تاوەکو سزاکان تێپەڕێنن.
لە ئێستادا ڕووسیا خاوەنی پێنجەم گەورەترین یەدەگی زێڕە لە جیهاندا. بڕی زێڕی کۆکراوە لە خەزێنەکانی ئەم وڵاتەدا دەگاتە 2,282 تۆن. بەپێی نرخەکانی ئێستای بازاڕ، بەهای ئەم یەدەگەی ڕووسیا بە نزیکەی 293 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.


