گەڕانەوە بۆ سەردەمی کۆبۆن؛ هەولێر قەیرانی بەنزین بە ئەلیکترۆنی چارەسەر دەکات؟

کیژان مەحمود 2 کاتژمێر پێش ئێستا
لە هەولێر بەنزین بە کۆبۆن دابەش دەکرێت
لە هەولێر بەنزین بە کۆبۆن دابەش دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر سیستەمێکی نوێی بۆ دابەشکردنی بەنزینی حکومی ڕاگەیاند و لەمەودوا شۆفێران تەنیا لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنییەوە دەتوانن سووتەمەنی بە نرخی پاڵپشتیکراو وەربگرن.

دەستپێکردنی پڕۆسەی ئەزموونی

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێر ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆ دووشەممەوە بەشێوەیەکی ئەزموونی، دەست بە دابەشكردنی بەنزینی 750 دیناری لە ڕێگەی كارتی ئەلیكترۆنییەوە (کۆبۆن) كرا. ئەم پڕۆسەیە وەک قۆناغی تاقیکاری لە بەنزینخانەی "شەهم" لە شاری هەولێر دەستیپێکردووە.

نرخ و بڕی دیاریکراو بۆ هەر شۆفێرێک

بەگوێرەی ڕێنماییە نوێیەکان، نرخی هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵی حکومی بە 750 دینار دیاریکراوە. هەر ئۆتۆمبێلێک لە کاتی سەردانیکردنی بەنزینخانە دیاریکراوەکە، تەنیا مافی وەرگرتنی 40 لیتر بەنزینی هەیە و دابەشکردنەکەش تەنیا بە کارتی ئەلیکترۆنی دەبێت.

مەرجی سەرەکی بۆ وەرگرتنی سووتەمەنی

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێویستە شۆفێران لە کاتی چوون بۆ بەنزینخانە، کارتی ئەلیکترۆنیی سووتەمەنییان پێبێت. بەبێ بوونی ئەو کارتە، هیچ شۆفێرێک ناتوانێت بەنزین وەربگرێت، ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لە قۆرخکاری و ڕێکخستنەوەی پڕۆسەی دابەشکردنەکە.

پاشخانی قەیرانی بەنزین و بڕیارە جێبەجێنەکراوەکان

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە نرخی بەنزین بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە. لە 20ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نرخی بەنزینی حکومی بە 750 و بازرگانی بە 850 دینار جێگیر کرد، بەڵام بڕیارەکە لە زۆربەی بەنزینخانەکان جێبەجێ نەکرا.

دیارنەمانی بەنزینی موحەسەن و سوپەر

لە 22ـی تەممووز، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نرخێکی دیکەی سەپاند کە تێیدا لیتری موحەسەن بە 1000 دینار و سوپەر بە 1200 دینار دیاریکرا. بەڵام ئەم بڕیارە ئەنجامی پێچەوانەی هەبوو، چونکە دوای دەرچوونی بڕیارەکە، هەردوو جۆری بەنزینی موحەسەن و سوپەر لە زۆربەی بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆک دیارنەمان و قەیرانەکە قووڵتر بووەوە.

کیژان مەحمود

2 کاتژمێر پێش ئێستا