قەیرانی بەنزین لە دهۆک و زاخۆ گەیشتە ئاستی داخستنی ڕێگە سەرەکییەکان
بەهۆی نەمانی بەنزین و گرانبوونی نرخەکەی، شۆفێران لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی توندیان بەرامبەر بڕیارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەربڕی.
گردبوونەوە و گرژییەکانی ناو سەنتەری شار
لە گەڕەکی زرکای شاری دهۆک و شەقامی بارزان، شۆفێران بەهۆی نەبوونی بەنزینەوە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەمە لەکاتێکدایە شەوی پێشتریش هەمان گردبوونەوە ئەنجامدرا و هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی شۆفێرە ناڕازییەکان لە ناوچەکە جێگیر کران.
داخستنی ڕێگەی نێوان دهۆک و زاخۆ
لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هاونیشتمانیان و شۆفێران بەهۆی کەمیی دابەشکردنی سووتەمەنی ڕژانە سەر شەقامەکان. ناڕازییەکان وەک گوشارێک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە، ڕێگەی سەرەکیی نێوان زاخۆ و دهۆکیان بەڕووی هاتوچۆدا داخست و داوای دابینکردنی بەنزینیان کرد.
شکستی بڕیارەکەی 20ـی تەمموزی 2026
قەیرانەکە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستیپێکرد، کاتێک لە 20ـی تەمموزی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نرخی بەنزینی نۆرماڵی حکومی بە 750 دینار و بازرگانی بە 850 دینار دیاریکرد. بەڵام زۆربەی بەنزینخانەکان ئامادەنەبوون بڕیارەکە جێبەجێ بکەن، ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی زیاتری بەنزین لە بازاڕەکاندا و قەیرانەکەی قووڵتر کردەوە.
دیارنەمانی بەنزینی موحەسەن و سوپەر
وەک هەوڵێکی دیکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە 22ـی تەمموزدا بڕیاریدا لیتری موحەسەن لە 1,000 دینار و سوپەر لە 1,200 دینار تێنەپەڕێت. دوای ئەم بڕیارە، لە زۆربەی بەنزینخانەکانی دهۆک و هەولێر ئەو دوو جۆرە بەنزینە بە تەواوی نەمان و لە ئێستادا شۆفێران ناتوانن بەو نرخە سووتەمەنی دەستبخەن، ئەمەش شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی لێکەوتووەتەوە.
1 کاتژمێر پێش ئێستا