لەلایەن نووسینگەی قوباد تاڵەبانییەوە کێشەی کەمیی بەنزینی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی چارەسەر کرا

کیژان مەحمود 4 کاتژمێر پێش ئێستا
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی (122)
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی (122)

کێشەی نەبوونی بەنزین بۆ ئەمبوڵانسەکانی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، لەلایەن نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانەوە چارەسەر کرا.

هەوڵەکانی گەیاندن و چارەسەرکردنی کێشەکە

سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی (122) لەبارەی کێشەی کەمیی بەنزینی ئۆتۆمبێلەکانی نەخۆشخانە بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، کێشەی کەمیی بەنزینیان بۆ ئۆتۆمبێلەکانی نەخۆشخانە هەیە و بۆ حاڵەتی زۆر پێویست نەبێت تەنانەت ناتوانن ئەمبوڵانس دەربکەن. دوای گەیاندنی کێشەکە، لەلایەن عەتا محەممەد، بەرپرسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانەوە چارەسەرکرا و بڕیاردراوە بەنزینیان بۆ دابینبکرێت.

دیاریکردنی بەنزینخانە و بەردەوامیی دابینکردنی سووتەمەنی

ژمارەی ئەمبوڵانسەکانی سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی 135 ئۆتۆمبێلە، سامان نادر بەڕێوەبەری سەنتەرەکە لەبارەی بەردەوامیی دابینکردنی بەنزینەوە ڕایگەیاند، دڵنیایی دراوە تاوەکو دوو سێ هەفتەی دیکە لەلایەن نووسینگەی قوباد تاڵەبانییەوە بەنزین بۆ سەنتەرەکەیان دابین دەکرێت و بەنزینخانەیەکیان بۆ دیاریکراوە و لەوێ بەنزین وەردەگرن.

هۆکاری دروستبوونی کێشەکە و قەرزی بەنزینخانەکان

بەگوێرەی بەدواداچوونی کەناڵ8، دروستبوونی کێشەی بەنزینی ئۆتۆمبێل و ئەمبوڵانسەکانی تەندروستیی سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ خەرجنەکردنی پارەی کڕینی بەنزین لەلایەن وەزارەتی داراییەوە. وەزارەتەکە قەرزەکانی پێشووی بەنزینی ئۆتۆمبێل و ئەمبوڵانسەکانی تەندروستیی سلێمانی پاکتاونەکردووە کە بڕەکەی دەگاتە 160 ملیۆن دینار، بۆیە بەنزینخانەکان داوای پێدانی قەرزەکەیان دەکەن.

کیژان مەحمود

4 کاتژمێر پێش ئێستا