سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی: هەرچى زووە پەرلەمان کارابکرێتەوە و حکومەت پێکبهێنرێت
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت تاوەکو ئەو کاتەی پەرلەمان و کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێکدەهێنرێت بەردەوام بوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم پێویستیەکی دەستووری و یاساییە. داواش لە لایەنەکان دەکات هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە لە پێناو کاراکردنەوەى پەرلەمان و پێکهێنانى کابینەى دەیەم.
نیگەرانی لە دۆخی چەقبەستووی سیاسی و یاسایی
سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتى لە ڕاگەیێنراوێکدا نیگەرانى خۆى لەبارەى دۆخی چەقبەستوویی سیاسی و یاسایی ئێستای هەرێمی کوردستان پیشانداوە و ڕایگەیاندووە، مانەوەی هەرێمى کوردستان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەبێ پەرلەمانێکی کارا و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، زیانێکی گەورەیە لە هەموو بوار و ئاستێکدا و پەککەوتن و گرفتی قووڵی یاسایی دروست دەکات لە زۆربەی دام و دەزگاکانی دەستووری هەرێم کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە بە ماف و ژیانی هاوڵاتییان و بەڕێوەبردنی سێکتەرە گرنگەکان کە تەنیا بە کارا کردنەوەی پەرلەمان چارەسەر دەکرێن.
داواکاری گشتی داوای بە دەنگاوە هاتن دەکات
سەرۆکایەتیی داواکارى گشتیی، داوا لە هەموو حزب و لایەنەکان بە گشتی و فراکسیۆنە براوەکانی پەرلەمانی کوردستان بە تایبەتی دەکات کە هەرچی زووە بە دەنگیانەوە بێن و هەوڵەکان چڕ بکەنەوە لە پێناو ئەنجامدانى دانیشتنی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
"کابینەی نۆیەم هێشتا پێویستییەکی دەستووری و یاساییە"
جەختیشیکردووەتەوە، بۆ ڕێگرى لە دروست بوونی بۆشایی سیاسی و کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان و تاوەکو ئەو کاتەی پەرلەمان و کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم پێکدەهێنرێت بەردەوام بوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم پێویستیەکی دەستووری و یاساییە بۆ بەجێ گەیاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکەی بە ئامانجی ڕایی کردنی کاروباری هاوڵاتییان و پێشکەش کردنی خزمەتگوزاریەکان و دابین کردنی ئاسایش و ئارامی بۆ خەڵکی کوردستان.
ڕاگرتن و پەکخستنی پڕۆسەی دادوەری لە دادگای پێداچوونەوە زیاتر لە دۆخی پەرلەمان جێی نیگەرانییانە
سەرۆکایەتیی داواکارى گشتى، ئاماژەى بەوەشکردووە، ڕاگرتن و پەکخستنی پڕۆسەی دادوەری لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە دۆخی پەرلەمان جێی نیگەرانییانە چونکە دەسەڵاتی دادوەری دامەزراوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنە تەنیا یاسا دەسەڵاتی بەسەریدا هەیە، بۆیە بە هەست کردن بە بەرپرسیارێتی دەستووری و یاسایی داواکارین دەسەڵاتی دادوەری دووربخرێتەوە لە هەر کێبڕکێیەکی حزبایەتی وململانێی سیاسی و سەربەخۆیی و بێلایەنی پارێزراو بێت.
1 کاتژمێر پێش ئێستا