عێراق و تورکیا بۆ ماوەی ساڵێک لەسەر نەوت ڕێککەوتوون

عەدنان ئەحمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
بەشێک لە بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان
بەشێک لە بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان

پاش چەند مانگێک لە گفتوگۆی دوورودرێژ، مانگی تەمموز بەغداد و ئەنقەرە ڕێککەوتنێکی کاتییان لەبارەی نەوتەوە واژۆکرد و هەوڵەکانی هەردوولاش بۆ گەیشتنە ڕێککەوتنێکی درێژخایەن بەردەوامە.

هەوڵدان بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی کاتی

سەلیم فەرهود ڕکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، وەزارەتی نەوتی عێراق لە ئێستادا لە هەوڵدایە پرۆتۆکۆلێک بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنە کاتییەکە لەگەڵ تورکیا واژۆبکات، تاوەکو ئەو کاتەی هەردوو وڵات دەگەنە ڕێککەوتێکی هەمیشەی نەوتی لە نێوانیان.

ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی نەوتی 12 مانگی لەگەڵ تورکیا

هاوکات ڕۆژی 10ـی تەمموز ئاڵپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا گەیشتنی وڵاتەکەی بە دوایین دەقی ڕێککەوتنێکی نوێی نەوتی بۆ ماوەی 12 مانگ لەگەڵ عێراق ڕاگەیاند و گوتی، بەمزووانە واژۆ دەکرێت.

هەناردەی نەوتی کەرکووک – جەیهان بەردەوام دەبێت

بایراکتار لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقەوە ڕاشیگەیاند، هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی کەرکووک-جەیهانەوە بەردەوام دەبێت و بۆ ئەوەش لەگەڵ عێراق گەیشتوونەتە دوایین دەقی ڕێککەوتنێکی نوێی نەوت.

وەزیری وزەی تورکیا لەبارەی ماوە و وادەی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەوە ئاماژەی بەوە کرد، ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ عێراق بۆ 12 مانگە و ڕۆژانی داهاتوو دەقەکەی بڵاو دەکەنەوە و واژۆی دەکەن.

سەردانی شاندنی وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان بۆ تورکیا

سەرەتای ئەم مانگە شاندێکی وەزارەتەکانی دەرەوە و نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکان سەردانی ئەنقەرەیان کرد و لەگەڵ وەزیری وزەی تورکیا پرسی هەناردەکردنەوە و واژۆکردنی ڕێککەوتنی نوێیان تاوتوێ کردبوو.

ئەوەش لە 27ـی تەمموز، ڕێککەوتنە درێژخایەنەکەی بەغداد و ئەنقەرە لە بواری نەوت کۆتایی هات و تورکیا ساڵێک لەمەوبەر ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکە درێژ ناکاتەوە.

مێژووی ڕێککەوتنەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1973 و لە ساڵی 2010 بۆ ماوەی 15 ساڵی دیکە درێژکرایەوە.

توانای هەناردەی بۆریی نەوتی کەرکووک-جەیهان

تورکیا لەبارەی توانای هەناردەکردن و تێچووەکەیەوە داوا دەکات بۆریی کەرکووک-جەیهان بە هەموو توانای خۆی بەکاربهێنرێت، کە ملیۆن و نیوێک بەرمیلە، هاوکات داوا دەکات، کرێ و سوودەکانی وڵاتەکەی لە گواستنەوەی نەوتی عێراق زیاتر بکرێت.

وەزیری وزەی تورکیا لەبارەی هۆکاری دیاریکردنی ماوەی ساڵێک بۆ ڕێککەوتنەکە ڕایگەیاند، بەهۆی ناکۆکییەکانی هەردوولا لەسەر دەقی ڕێککەوتنێکی نوێی درێژخایەن، بڕیاردرا سەرەتا بۆ ساڵێک ڕێککەوتنێکی نوێ بکرێت و دواتر لەسەر ڕێککەوتنێکی درێژخایەن دانوستانەکان دەست پێبکەن.

عەدنان ئەحمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا