
وەزیرى دەرەوەی عێراق، لەگەڵ کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد کۆبووەوە و باسی دواین سەردانی زەیدی بۆ واشنتن و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنانەیان کرد، کە لەنێوان هەردوولا واژۆکراوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردووەتەوە، فوئاد حسێن و جۆشوا هاریس، لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە سەردانەکەی شاندی عێراق بە سەرۆکایەتی زەیدی بۆ ئەمریکا کردووە، لەگەڵ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی هاوکاریی دووقۆڵی لە بوارە جیاوازەکان.
وەزیرى دەرەوەی عێراق و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد، گفتوگۆیان لەبارەی ئەنجامی سەردانی سەرۆکوەزیران و شاندی عێراقیان بۆ ئێران کردووە، لەگەڵ ئاڕاستەی پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و ئەنقەرە و سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی زەیدی بۆ سعودیە، کە دەبێتە مایەی بەهێزترکردنی هاوکاریی هەرێمایەتی و پەرەپێدانی هاوبەشیی دووقۆڵی.
فوئاد حسێن و جۆشوا هاریس، بەگوێرەى ڕاگەیێنراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بیروڕایان لەسەر پێشهات و دۆخی ناوچەکە ئاڵوگۆڕکردووە، بە تایبەت پرسی گەرووی هوورمز.
وەزیرى دەرەوەی عێراق و کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق، جەختیان لە پێویستی دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندن و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەریمایەتی کردووەتەوە، گفتوگۆیان لەسەر کاریگەریی پێشهاتە هەرێمایەتییەکان لەسەر ئابووریی عێراق و بازاڕی نەوت کردووە.