ئیمارات: هێرشەکانی سەر سعودیە لە عێراقەوە ئەنجامدراون

شۆڕش محەمەد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
دووکەڵی یەکێک لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆسەر ئیمارات، فۆتۆ: AFP
دووکەڵی یەکێک لە هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بۆسەر ئیمارات، فۆتۆ: AFP

سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و دۆزینەوەی سەرچاوەی هێرشە درۆنییەکانی سەر سعودیە چڕ دەکاتەوە، لەکاتێکدا ئیمارات و سعودیە خاکی عێراق بە سەرچاوەی هێرشەکان تۆمەتبار دەکەن.

ئیمارات و سعودیە: هێرشەکان لە خاکی عێراقەوە بوون

وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بە توندی سەرکۆنەی بەئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیەی کرد و ڕایگەیاند، ئەو درۆنانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە لە خاکی عێراقەوە هەڵدراون. پێشتریش وەزارەتی بەرگریی سعودیە ئاشکرای کردبوو کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان ڕێگریی لە چەند درۆنێک کردووە کە لە عێراقەوە ئاراستەی وڵاتەکەیان کرابوون. ئیمارات ئەم هەنگاوە بە پێشێلکردنی سەروەریی سعودیە و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە وەسف دەکات.

عەلی زەیدی و فەرمانی لێکۆڵینەوەی بەپەلە

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەستبەجێ فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کرد لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەو زانیارییانە بکەن کە لەلایەن سعودییەوە بڵاوکراونەتەوە. نووسینگەی سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند، حکومەت ڕێکاری یاسایی توند دژی هەر کەس و لایەنێک دەگرێتەبەر کە بسەلمێنرێت تێوەگلاوە لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.

ڕەتکردنەوە و هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان

بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق تەواوی تۆمەتەکانی سعودییەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان بەو هێرشانەوە نییە. هاوکات مقاوەمەی ئیسلامی هۆشداریی توندی دایە ڕیاز و ڕایگەیاند، هەر کاردانەوەیەکی سەربازی بەرامبەر گرووپەکانی ناوخۆی عێراق ئەنجام بدرێت، وەڵامێکی وایان دەبێت کە سعودیە "پەنجەی پەشیمانی بگەزێت".

ئاڵۆزییەکان لە ئانوساتی گەشتە دیپلۆماسییەکەی زەیدی

ئەم هێرشە درۆنییانە و ئاڵۆزییە ئەمنییانە لە کاتێکی هەستیاردا ڕوودەدەن، چونکە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بگاتە سعودیە. زەیدی لەو گەشتەیدا لەگەڵ شازادەی جێنشین و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت دۆسیەی هێرشە درۆنییەکان ببێتە تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە.

شۆڕش محەمەد

1 کاتژمێر پێش ئێستا