ترەمپ بۆ فۆکس نیوز: گفتوگۆی باشمان لەگەڵ ئێران کردووە

بەهزاد ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، گفتوگۆی باشیان لەگەڵ لایەنی ئێرانی کردووە و ڕێککەوتن بە باشتر دەزانێت لە وێرانکردنی تەواوی وڵاتەکە، لەگەڵئەوەشدا هۆشدارى دا و گوتى "دەتوانن لە یەک کاتژمێردا ئێران بەبێ پرد و کارەبا بکەن".

لێدوانەکانی ترەمپ لەسە دانوستانەکان و ڕەتکردنەوەی لە لایەن ئێرانەوە

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ میدیا دڵخوازەکەی 'فۆکس نیوز'، دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند، ئێرانییەکان لە ناوەڕاستی گفتوگۆ و دانوستاندا لە میدیاکانیانەوە دەڵێن، ئەوان دانوستان ناکەن یان باسیان لە پرسی ئەتۆمی نەکردووە، گوتى "ئێرانییەکان باش دەزانن کە من دەتوانم ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە ئێران دەستپێبکەمەوە و کارەکە تەواو بکەم". گوتیشی "لە ناو کۆمارییەکاندا کەسانێک هەن کە دەیانەوێت بەردەوام بین لە هەنگاوە سەربازییەکان و پرد و وێستگەکانی کارەبای ئێران لەناوببەم، بەڵام کێشەکە لە دەرئەنجامەکاندایە".

"ڕێگە نادەن ئێران رێککەوتن پێشێل بکات"

ترەمپ جەختیکردەوە ئەوان لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدان بەرامبەر ئێران و ئەگەر تاران بە باشی مامەڵەیان لەگەڵ نەکات، دەرەنجامەکەی خراپ دەبێت بۆیان، گوتیشى "ئەگەر گەیشتن بە ڕێککەوتن، ڕێگە نادەن ئێران پێشێلی بکات".

ترەمپ ئاماژەى بەوەشکرد، ئێران دەتوانێت هەندێک مینی دەریایی بچێنێت و ئاژاوە دروست بکات، بەڵام ئەمریکا گەرووی هوورمز کۆنتڕۆڵ دەکات و ئەو گەمارۆ دەریاییەی ئێستا لەسەر ئێران دایانناوە، هێندە بەهێزە کە کەس ناتوانێت بیشکێنێت".

بەهزاد ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا