تاران هۆشداریی تووند دەداتە بەریتانیا و فەرەنسا لەبارەی دەستوەردان لە گەرووی هورمز

سامیا حەسەن 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران
کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران

تاران هۆشداری دەداتە بەریتانیا و فەڕەنسا و ڕایدەگەیەنێت، ڕێگە بە هیچ هێزێکی دەرەکی نادەن دەستوەردان لە کاروباری گەرووی هورمزدا بکەن و هەر جووڵەیەک بە ئامانجی سەربازیی ڕەوا هەژمار دەکەن.

هەڕەشە لە کەشتییە جەنگییەکانی ئەورووپا

کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، هەر کەشتییەکی جەنگیی وڵاتانی ئەورووپا بیەوێت لە گەرووی هورمز نزیک ببێتەوە، لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە وەک ئامانجێکی ڕەوا سەیر دەکرێت و هێرشی دەکرێتە سەر. ئەم لێدوانەی غەریبئابادی شەوی سێشەممە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی بڵاوکرایەوە.

پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ پاککردنەوەی مینەکان

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرای کرد کە بەریتانیا و فەڕەنسا لەگەڵ 34 وڵاتی دیکە هاوپەیمانییەکیان بە مەبەستی پاککردنەوەی گەرووی هورمز لە مینە دەریاییەکان پێکهێناوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو وڵاتانە چەندین جار لەمبارەیەوە قسەیان لەگەڵ ئێران کردووە، بەڵام تاران بە ڕوونی پێی ڕاگەیاندوون کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێ نادات ئەو هەنگاوە بنێن.

لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد و مافی ئێران

بە گوتەی غەریبئابادی، بەپێی لێکتێگەیشتنی "ئیسلامئاباد" کە لە نێوان ئێران و ئەمریکادا واژۆ کراوە، دەبێت پڕۆسەی پاککردنەوەی مین لە گەرووی هورمز تەنیا لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام بدرێت. تاران بە وڵاتانی ئەورووپی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر کەشتییە جەنگییەکانیان بۆ هەڵگرتنەوەی مینەکان لە تەنگەکە نزیک ببنەوە، ڕووبەڕووی هێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەبنەوە.

ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکەی عومان

کازم غەریبئابادی ئاماژەی بە هەوڵەکانی وڵاتی عومان کرد و گوتی، عومانییەکان دەیانویست وڵاتێکی دیکە بۆ پاککردنەوەی مین لە بەشی باشووری گەرووی هورمز بهێنن. بەڵام تاران بە توندی ئەو هەنگاوەی مەسقەتی ڕەتکردووەتەوە و ڕێگەی بە لایەنی عومانی نەداوە هیچ هێزێکی دەرەکی بۆ ناوچەکە ڕابکێشێت.

گرنگیی گەرووی هورمز و قەیرانی ئابووریی جیهانی

لە سەرەتای دەسپێکی جەنگەوە (کە 40 ڕۆژی تێپەڕاندووە)، گەرووی هورمز بووەتە چەقی ململانێکانی نێوان تاران و واشنتن. ئەم گەرووە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا و پێش جەنگەکە، ڕۆژانە 20%ـی کۆی گشتیی نەوت و گازی جیهانی پێدا تێدەپەڕی. پاش ئەوەی گەرووەکە لەلایەن ئێرانەوە داخرا، هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتهەڵگرەکان تێیدا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش قەیرانی ئابووریی گەورەی لەسەر ئاستی جیهان دروست کردووە.

سامیا حەسەن

2 کاتژمێر پێش ئێستا