پەرمانتارێک بۆ وەزیرى کارەبا: داهاتی فرۆشتنی 1,500 میگاوات کارەبا و پرۆژەی ڕووناکی بۆ کوێ دەچێت؟

کەناڵ8 2 کاتژمێر پێش ئێستا
کاوە عەلی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوو و کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت
کاوە عەلی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوو و کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت

کاوە عەلی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتوو، کە یەکێکە لەو پەرلەمانتارانەی بە زمانی ژمارەکان قسە لەسەر پرسە ئابووری و کارگێڕییەکان دەکات، گومانێکی زۆری لەسەر داهاتی کارەبا، نەوت و گاز هەیە.

پرسیار لە چارەنووسی داهاتە گشتییەکان

کاوە عەلی لە نووسینێکدا بۆ کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت لەبارەی ناهاوسەنگیی خەرجی و داهات ڕایگەیاند: "خەرجی دیارە، داهات بۆ کوێ دەچێت؟ خەرجییەکان دیارن، هەرچەندە ناڕوون و جێی پرسیارن، بەڵام داهاتەکان لە کوێن؟".

داواکاری بۆ شەفافییەت لە خستنەڕووی داهات و خەرجی

کاوە عەلی لەبارەی شێوازی لێدوانەکانی وەزارەت بە وەزیرەکە دەڵێت، لە هەموو وتووێژ، لێدوان و ڕوونکردنەوەکانتاندا، تەنیا جەخت لەسەر خەرجییەکان دەکەنەوە و بارگرانیی تێچوو لەسەر شانی هاووڵاتی دادەنێن، بەڵام داهاتەکان هەمیشە ونن. شەفافییەتی ڕاستەقینە ئەوەیە خەرج و داهات بە یەک ئاست و بە یەک شێوە بخرێنە بەردەم ڕایگشتی.

پرسیاری ورد لە داهاتی فرۆشتنی کارەبا

ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی داهاتی فرۆشتنی کارەباوە پرسیاری چەند داهاتێک دەکات و دەڵێت: "داهاتی فرۆشتنی 1 هەزار و 500 میگاوات کارەبا لە کوێیە؟ ئەگەر ئەو کارەبایە هیچ داهاتێکی بۆ هەرێم نەهێنێت، بۆچی ئەو 55 ملیۆن دۆلارە لە خەرجی ناوخۆ حیساب دەکەیت و دەرناکرێت؟".

داهاتی پڕۆژەی ڕووناکی و ترانزێتی کارەبا بۆ تورکیا

کاوە عەلی لەبارەی سەرچاوەکانی دیکەی داهاتەوە دەشڵێت: "داهاتی پڕۆژەی ڕووناکی بۆ کوێ دەچێت؟ چەندە؟ بۆچی ناچێتە وەزارەتی دارایی؟ داهاتی ترانزێتی کارەبای تورکیا، کە بە تۆڕی کارەبای هەرێم بۆ عێراق دەگوازرێتەوە، لە کوێیە و چەندە؟".

جیاوازیی ئامارەکان لە تێچووی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی

کاوە عەلی لەبارەی نەوت و سووتەمەنییەوە ژمارەیەک پرسیاری وروژاندووە و بە وەزیر دەڵێت، لە بابەتی سووتەمەنیش هەر تەنیا باسی خەرجی دەکەیت؛ دەڵێن تێچووی دەرهێنان، گواستنەوە و پاڵاوتنی یەک بەرمیل 25 دۆلارە، لە کاتێکدا هەر ڕۆژێک پێش جەنابتان 23.5 دۆلار باس کرا. هەروەها تێچووی گواستنەوە دووجار هەژمار دەکەیت؛ تێچووی دەرهێنانی نەوتی خورمەڵەش، بەهۆی گرێبەستی خزمەتگوزاری، لەو ژمارانە زۆر کەمترە، بەڵام ئەوەی باس ناکرێت، داهاتی پاڵاوتنی یەک بەرمیل نەوتە.

خەمڵاندنی قازانجی بەرهەمە نەوتییەکان

ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی بەرهەمە سوودبەخشەکانی نەوتەوە ئاماژەی بەوە کردووە، لە یەک بەرمیل نەوت؛ بەنزین، گازوایل، نەوتی سپی، LPG، نەوتی ڕەش و بەرهەمەکانی تر بەرهەم دێن. بەگوێرەی هەژمارەکان، داهاتی کۆی ئەم بەرهەمانە بە نرخی ئێستا نزیکەی 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێکە. تەنانەت ئەگەر ئەو 25 دۆلارەش وەک خەرجی وەربگیرێت، هێشتا نزیکەی 75 دۆلار قازانجی خاو لە هەر بەرمیلێکدا دەمێنێتەوە.

گومان لە ئامارە داراییەکانی حکومەتی هەرێم

بە لێکدانەوەکانی ئەو پەرلەمانتارە، قازانجی پاڵاوتنی نەوت مانگانە نزیکەی 112 ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە، هەروەها پرسیاری ئەوە دەکات ئەگەر ئەم داهاتە بۆ حکومەتە، بۆچی لە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی دارایی دیار نییە؟ چۆن لە هەمان کاتدا دەوترێت داهاتی ناوخۆ مانگانە ناگاتە 100 ملیار دینار؟

داوای ڕوونکردنەوە لەبارەی هەژمارە بانکییەکانی داهات

کاوە عەلی لە کۆتاییدا لەبارەی بارگرانیی سەر هاووڵاتییان پرسیارێکی سادە دەکات و دەڵێت: "ئەگەر هەموو خەرجییەکان لەسەر شانی هاووڵاتی هەژمار دەکرێن، ئەی داهاتی کارەبا، گاز، ترانزێت، پاڵاوتن و فرۆشتنی نەوت بۆ کوێ دەچێت و لە کام هەژماری وەزارەتی دارایی تۆمار دەکرێت؟".

کەناڵ8

2 کاتژمێر پێش ئێستا