ترەمپ لەگەڵ زێلێنسکی و نەتانیاهوو دۆسیەکانی ئێران و ڕووسیا و سعودیەی تاوتوێ کرد

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
ترەمپ لەگەڵ زێلێنسکی و نەتانیاهوو دۆسیەکانی ئێران و ڕووسیا و سعودیەی تاوتوێ کرد
ترەمپ لەگەڵ زێلێنسکی و نەتانیاهوو دۆسیەکانی ئێران و ڕووسیا و سعودیەی تاوتوێ کرد

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕۆژێکی پڕ لە چالاکیی دیپلۆماسیدا لە ژووری هێلکەییی کۆشکی سپی ژمارەیەک کۆبوونەوەی ئاستبەرزی ئەنجامدا و پێشوازیی لە ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی و بنیامین نەتانیاهوو کرد؛ لە دیدارەکاندا دۆسیەکانی جەنگی ڕووسیا، هەڕەشەکانی ئێران و پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە تاوتوێ کران.

بەرگریی ئاسمانیی ئۆکرانیا لەسەر مێزی گفتوگۆکانی ترەمپ و زێلێنسکی

لە ماوەی حکومڕانیی 2وەمی ترەمپدا، بۆ 3یەمجار زێلێنسکی سەردانی کۆشکی سپی کرد و ئەمجارەیان باسی لە ئامادەکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ سیستمی پاتریۆتی بەرگریی ئاسمانی بۆ ترەمپ کرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە ڕێگەی بەکارهێنانی پێدرا.

90 خولەک گفتوگۆی چڕ لەسەر دۆسیەی جەنگی ئێران

لە کۆبوونەوەیەکی تەواو جیاوازدا کە چەند خولەکێکی لە نێواندا بوو، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ترەمپ 90 خولەک باسیان لە جەنگی ئێران کرد.

کەشی هێمنانەی کۆبوونەوەکەی نەتانیاهوو و ترەمپ

کۆبوونەوەکە بەشێوەیەکی هێمنانە بەڕێوەچوو، جیاواز لە پێشبینییەکان و لێدوانەکانی ترەمپ کە چەند نیگەرانە لە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لەسەر پرسی جەنگی ئێران.

هەماهەنگیی تەواوی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ

سەرچاوەیەک لە حکومەتی ئیسرائیل لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوولا ڕایگەیاند، هەردوو سەرکردەکە لە هەماهەنگییەکی تەواودان و هیچ ناکۆکییەک لە نێوانیاندا نییە.

پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعودیە

جگە لە جەنگی ئێران، یەکێکی دیکە لە بابەتە گرنگەکانی نێو کۆبوونەوەکە، باسکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە بووە، ترەمپ وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی وڵاتەکەی لەگەڵ سعودیە داوای جێبەجێکردنی ئەم خاڵەی کردووە.

بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، باسی چییان نەکردووە؟

ئەو بابەتەی کە ناکۆکیی نێوان هەردوو سەرۆکەکەیە، پرسی فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 35ـە بە تورکیا، بەڵام ئەم پرسە لە کۆبوونەوەکە باس نەکرایەوە، جیاواز لە پێشبینییەکانیش، ترەمپ داوای کشانەوەی ئیسرائیلی لە چەند ناوچەیەکی دەرەوەی سنووری خۆیان کە کۆنترۆڵیان کردووە، لە نەتانیاهوو نەکرد.

هەڵسەنگاندنی نەتانیاهوو بۆ دیدارەکەی لەگەڵ ترەمپ

بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ گوتی: "لەگەڵ سەرۆک ترەمپ دیدارێکی نایابمان هەبوو، کاتێک دەڵێم نایاب، مەبەستم شێوەیەکی ڕووکەش نییە. بەڵکو گفتوگۆیەک بوو بە هاوبەشیی تەواو، پاڵپشتیی یەکدی و تێگەیشتن لە ئامانجە هاوبەشەکەمان، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئێران نابێت بە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، هەروەها ئامانجی دیکەش. یەکێک بوو لە باشترین دیدارەکان کە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی هاوڕێمان هەمانبوو، تەواوی تیمی باڵای ئەمریکا لەوێ بوون لەگەڵ تیمە باڵاکەی ئێمەش، دەرفەتێک هەبوو بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و هەماهەنگیکردن و ڕێکخستنی کاروبارەکان کە گرنگن بۆ ئاسایش و داهاتووی دەوڵەتی ئیسرائیل".

کۆبوونەوەیەکی داخراو و بەرهەمدار لە ژووری هێلکەیی

گوتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی وردەکاریی کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، ئەم کۆبوونەوەیە جیاواز لە کۆبوونەوەکانی دیکەی ئۆفیسە هێلکەییەکە، داخراو بوو، ڕۆژنامەوانانیش بانگێشت نەکرابوون، بەڵام گوتەبێژی کۆشکی سپی کۆبوونەوەکەی بە باش و بەرهەمدار وەسفکرد.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا