نەتەوەیەکگرتووەکان: زیاتر لە 350 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان و عێراق دان

یەسنا ئومێد 1 کاتژمێر پێش ئێستا
کەمپێکی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان. فۆتۆ: UNHCR
کەمپێکی پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان. فۆتۆ: UNHCR

نەتەوەیەکگرتووەکان لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای دەکات، زیاتر لە 351 هەزار پەنابەر و ئاوارە لە عێراق نیشتەجێن، کە زۆرینەی ڕەهایان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین؛ تەنیا لە ماوەی مانگی ڕابردووشدا زیاتر لە 1 هەزار و 600 پەنابەری نوێ تۆمارکراون، ئەمەش لەکاتێکدایە حکومەتی فیدراڵ هەوڵی داخستنی کەمپەکان و کەمکردنەوەی هاوکارییەکان دەدات.

پێکهاتە و نەتەوەی پەنابەرە نیشتەجێبووەکان

نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا بڵاویکردووەتەوە، 310 هەزار و 365 پەنابەریان خەڵکی سووریان، نزیکەی 9 هەزاریان خەڵکی ئێران و نزیکەی 7 هەزاریان فەڵەستینی و 7 هەزار پەنابەری دیکەشیان خەڵکی تورکیان.

هەرێمی کوردستان لەسەرەوەی لیستەکەدایە

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، نزیکەی 80%ـی ئەم پەنابەرانە بە پلەی یەکەم لە کەمپەکانی هەولێر و دوای ئەویش لە دهۆک دەژین، پاشان کەمپەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دێت و سلێمانیش بۆ لەخۆگرتنی ئاوارە و پەنابەر لە پلەی چوارەمدایە.

تەمەن و ڕەگەزی پەنابەرەکان

بەشی زۆری پەنابەرانی عێراق لە ڕەگەزی نێرن و تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 59 ساڵانە، هەروەها کەمپی دۆمیزیش لە پارێزگای دهۆک پشکی شێری پەنابەرانی سووریای بەرکەوتووە.

ئاماری نوێی تۆمارکراوان لە مانگی حوزەیراندا

هاوکات تەنیا لە مانگی حوزەیراندا، نەتەوەیەکگرتووەکان 1 هەزار و 655 پەنابەری نوێی لە عێراق تۆمار کردووە.

هەوڵەکانی بەغداد بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی ئاوارەکان

لەماوەی ڕابردوو حکومەتی عێراق هەوڵەکانی چڕکردەوە تاوەکو ژمارەی پەنابەرەکانی وڵاتەکەی کەم بکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەی کەمپەکانی کەم کردەوە و هاوکارییەکانیشی سنووردار کرد.

یەسنا ئومێد

1 کاتژمێر پێش ئێستا