بەرەی مقاوەمە: بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئەمریکا و سعودیە دەدەینەوە
بەرەی مقاوەمەی عێراق، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئەمریکا و سعودیە دەکات و مۆڵەتی هەشت ڕۆژ بە حکومەتی عێراق دەدات، هەڵوێستی هەبێت لەسەر هێرشی سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی.
پێشتر ڕەتیانکردووەتەوە هیچ پەیوەندییان بە هێرشی سەر سعودیەوە هەبێت
بەرەی مقاوەمە لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێت، پێشتر بە تەواوەتی ڕەتیانکردووەتەوە، هیچ پەیوەندییان بە هێرشی سەر سعودیە و دامەزراوە نەوتییەکانی هەبێت، بەڵام ئەمریکا جارێکی دیکە لەڕێگەی بە ئامانجگرتنی حەشدی شەعبی تاوانێکی گەورەی ئەنجامدا و دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.
ناساندنی سعودیە بە خەنجەرێکی ستەمکار
بەرەی مقاوەمە دەڵێت، سیستمی سعودیە هیچ کاتێک جگە لە خەنجەرێکی ستەمکار و داردەستی کۆشکی سپی و دەزگا هەواڵگرییە گوماناوییەکانی زیاتر نەبووە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە ئیرادەی گەلی عێراقی دایەوە.
بەرەی مقاوەمە باس لەوە دەکات، ئەگەر وای دابنێین سەرچاوەی هێرشی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە لە عێراقەوە بووە، ئایا ڕێگەپێدراوە کە وەڵامی هێرشێکی شکستخواردووی بە ئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکان کوشتن و بریندارکردنی دەیان کەسی بێتاوان بێت؟.
حکومەت لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەدایە
بەرەی مقاوەمەی عێراق پرسیاری ئەوە دەکات و دەڵێت، لەم قۆناغە یەکلاکەرەوەیە، ئەگەر چەک و مووشەکانیان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکردایە، تاوەکو ئەرکی بەرگریی لە سەروەری و پاراستنی خاکەکەی بگرێتەئەستۆ، چ هەڵوێستێکیان دەبوو بەرامبەر ئەم تاقیکردنەوە ڕاستەقینەیە؟
مۆڵەت بۆ حکومەتی عێراق
بەرەی مقاوەمە تاوەکو ڕۆژی 23ـی مانگی سەفەری کۆچی، کە دەکاتە ڕۆژی 7ـی ئابی داهاتوو، دەرفەت دەداتە حکومەت کە داوای چەککردنی مقاوەمەی دەکرد، تاوەکو بزانن چ هەڵوێستێکی دەبێت.
وەڵامی ئەمریکا و سعودیە دەدەنەوە
هەروەها باس لەوە دەکات، وەک پەرۆشییان بۆ ئاسایشی زیارەتکارانی ئیمام حسێن و تێکنەدانی ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حسێن، ئەوا وەڵامدانەوەی ئەمریکا ڕادەگرن و دەڵێت، بێگومان وەڵامی ئەمریکا و ئامرازەکانی لە سعودیە دەدەنەوە، هەر کاتێک پێویستی کرد.
3 کاتژمێر پێش ئێستا