میدیای ئیسرائیل: ترەمپ و نەتانیاهوو باسی سێ بژاردەیان دژی ئێران کردووە
میدیای ئیسرائیل لە زاری بەرپرسێکی باڵای تەلئەڤیڤەوە بڵاویکردووەتەوە، لە دیداری نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، باس لە فشاری ئابووری و هێرشی سەربازیی دژی ئێران کراوە.
بەهێزکردنی فشارە ئابوورییەکانی سەر ئێران
ئەو بەرپرسە گوتوویەتی، فشارە ئابوورییەکانی سەر تاران بەهێزتر دەکرێن، بەڵام بژاردەی سەربازیش هەر ئەگەرێکی کراوەیە و گوتوشیەتی، "ئێران لە حاڵەتێکی لاوازدایە و ناتوانێت بە ڕاستەوخۆ بەرەنگاری ئیسرائیل ببێتەوە، دەشڵێت، وەڵامی تەلئەڤیڤ زۆر بەهێز دەبێت، بەرامبەر هەر هێرشێک بیکاتەسەر ئیسرائیل".
ڕێگریکردن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
ئەو بەرپرسە دەشڵێت، نەتانیاهوو بە ترەمپی گوتووە، ئامانجی وڵاتەکەی ڕێگەگرتنە لەوەی ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت، نەک پاڵنانی بەرەو بژاردەی سەربازی.
پیتاندنی یۆرانیۆم لە چیای تەور
هەرچەندە پرۆگرامی ئەتۆمیی تاران ڕووبەڕووی گورزی بەهێز بووەتەوە، بەگوتەی سەرچاوەکە، نزیکەی 20 زانای ئێرانی کوژراون و زیانیش بە سەنتەرڤیۆجەکانیان گەیشتووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، تاران یۆرانیۆم لە چیای تەور دەیپتێنێت.
لاوازبوونی توانی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی
بەرپرسە ئیسرائیلییەکە باسلەوە دەکات، توانای ئێران بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستیکی لاواز بووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت تاوەکو ئێستا هەزار و 500 بۆ هەزار و 600 مووشەکی بالیستیکی مابێت.
موجتەبا خامنەیی لە ژیاندا ماوە
سەبارەت بە چارەنووسی موجتەبا و دۆسیەی سووریا و فەڵەستین، بەرپرسێکی باڵا دەڵێت، بە دڵنیایی، موجتەبا خامنەیی لە ژیاندا ماوە، دوای ئەوەی ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە دەکرد، ڕەنگە لەو هێرشەی خامنەیی باوکی تیادا کوژرا، بەهۆی برینداربوونییەوە گیانی لەدەستدا بێت.
لەبارەی پرسی سووریاوە، بەرپرسەکە دەڵێت، نەتانیاهوو نەخشەیەکی پیشانی ترەمپ داوە و ڕایگەیاندووە، بوونیان لەو وڵاتە سنووردارە و تەنیا بۆ پێداویستیی ئەمنییە.
بەرپرسەکەی ئیسرائیل باسلەوە دەکات، پلانی جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازیی زیاتر لە کەمپی ئاوارەکانی کەناری ڕۆژئاوا هەیە، نەتانیاهوو داوایکردووە پلانێکی ئەمنی لەوبارەیەوە ئامادە بکرێت.
1 کاتژمێر پێش ئێستا